بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی رای الیوم ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە شاندێکی سعوودیە بە سەرۆکایەتی خالید خەمیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەم وڵاتە لە گەڵ سەرۆک کۆماری سوریا کۆبووەتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا لە سەر زاری دیپلۆماتکارانی باڵا لە دیمەشق هاتووە کە شاندەکەی سعوودیە هەروەها لە گەڵ عەلی مەملوک جێگری سەرۆک کۆماری سوریا بۆ کاروباری ئەمنی کۆبووەتەوە و لە سەر ئەوە ڕێکەوتوون کە لە پاش جەژنی ڕەمەزان درێژە بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن.
رای الیوم ڕایگەیاندووە کە هەر دوو لا لە سەر کردنەوەی باڵیۆزخانەی سعوودیە لە سوریا وەک یەکەم هەنگاوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان گەیشتوونەتە ڕێکەوتن.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە شاندەکەی سعوودیە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڕیاز لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی و بەشداریی ئەم وڵاتە لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە جەزایر پێشوازی دەکات.
لە پاش دەستپێکردنی شەڕی سوریا و پێداگری سعوودیە لە سەر دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد لە پۆستەکەی، پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و دیمەشق ڕووی لە ئاڵۆزبوون کرد./.