بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند سەرچاوەیەکی ئێران ئەوەیان بە کەناڵی ئەلمەیادین ڕاگەیاندووە کە بە پێی ڕێکەوتنەکانی ئەم دواییە لە گەڵ ئەمریکا، واشنتن دەیەوێت وێڕای ئازادکردنی چوار دەستبەسەرکراوی ئێرانی، 7 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێرانیش ئازاد بکات.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە چوار هاووڵاتییەکەی ئێران بە تۆمەتی پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکاوە لە دژی وڵاتەکەیان دەستبەسەر کراون.
لە بەرامبەردا ئێرانیش بڕیارە چوار دەستبەسەرکراوی ئەمریکی کە تۆمەتی سیخوڕییان دراوەتە پاڵ، ئازاد بکات.
کەناڵی ئەلمەیادین هەروەها ڕایگەیاندووە کە حکومەتی بەریتانیاش بڕیارە 400 ملیۆن پۆند لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکات و ئێرانیش لە بەرامبەردا نازەنین زاغری سیخوڕی دەزگای هەواڵگری بەریتانیا ئازاد دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە تاران و واشنتن لە دانوستانەکانی ڤیەننا تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێکەوتنێک./.