دکتۆر عەبدولوەهاب چرۆستانی مامۆستای زانکۆ لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە بەراوردێک لە نێوان ڕۆڵ و هاوکاری ئێران و ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، وتی: بە چاوخشاندنەوە بە ڕۆڵی هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکان دڵنیا دەبینەوە کە ئەم دوو وڵاتە کە ساڵانێکە لە ململانێی تونددان، لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی خۆیان پەیوەندی و هاوکارییان لە گەڵ هەرێم هەبووە.
ناوبراو وتی: هەر لە کۆنەوە وا بووە کە هاوکاری و خزمەتکردن لە پێناو بەدیهاتنی بەرژەوەندییەکان بووە، لە ئێستاشدا هەر یەک لە ئێران و ئەمریکا بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانە پەیوەندییان لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و هەرێمیش لە ئێستادا بووەتە پێگەیەکی گرنگی ململانێکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە درێژەدا وتی: بەڵام ناکرێت هاوکاری و خزمەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قۆناغە جیاجیاکان بۆ کورد و هەرێمی کوردستان لە بەرچاو نەگرین، بێگومان ئێران دەیان ساڵە ئیشی لە گەڵ ئێمە کردووە و هاوکاری کردووین بە تایبەت لەو ڕۆژانەی کە کورد لاواز بووە و پێویستمان بە هاوکاری هەبووە.
عەبدولوەهاب چرۆستانی وتی: لە زۆر کاتدا کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت لە قۆناغە دژوارەکاندا وەک فریادڕەسی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە.
ناوبراو کیمیابارانی هەڵەبجەی وەک نموونەیەک هێنایەوە و وتی: لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بە هۆی هاوکارییەکانی ئێرانەوە ژمارەی قوربانییەکان کەمبوونەوە، لە کۆڕەویش ئەگەر سنورەکانی بە ڕووی خەڵکی ئێمەدا نەدەکردەوە خەڵێکی زۆر لە برسێتیدا دەمردن.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتی: ئەمریکا سیاسەتێکی دووفاقی و دوو ڕوویی لە گەڵ کورد و هەرێمی کوردستان پەیرەو دەکات، بۆ نموونە لە عێراق لە زۆر بابەتی وەک نووسینەوەی دەستوور و دیاریکردنی بودجە و ناکۆکییەکانی پاش هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکومەت، لە نێوان بەغدا و هەولێر هاوکاری زیاتری هەرێمی نەکردووە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد