بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هادی عامری لە بەیاننامەیەکدا چەندین دەسکەوتی گرنگی لە پێناو سەروەری، ئازادی، سەربەخۆیی و ڕزگاری عێراق وەبیرهێنایەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: ڕێکخراوی بەدر بە ڕووخانی ڕژێمی سەدام بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز ئامادە بوو بەڵام ئەم ئامانجە باڵایە ڕوبەڕوی داگیرکاری ئەمریکییەکان و چەندی بەربەستی دیکەی وەک پەرەسەندنی تیرۆر بوویەوە.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا جەختیکردەوە کە بەدەر لە تیرۆریزم و داگیرکاری، دەستانێکی نهێنی هەڵەی گەورەیان لە پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا کرد و ئامانجی ئەوەیان هەبوو کە عێراق بە لاوازی بمێنێتەوە تا نەتوانێت سەربەرزی خۆی بسەلمێنێت و پێگەی شیاوی خۆی لە ناوچەکە و جیهان بە دەست بێنێتەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە پشکخوازی لە سیستەمی سیاسی و هەروەها گەندەڵی بوونەتە ئامرازی ڕێگری لە گەشانەوەی عێراق بەڵام ڕێکخراوی بەدر و ڕۆڵەکانی بەرەی خۆڕاگری بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییان دا و بە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و لە ڕێگای دامەزراوە سیاسییەکانەوە لە هەلومەرجی بەرفراوانبوونی پیلانگێڕییەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان لە پێناو پاراستنی پیرۆزییەکان و بەدامەزراوەییکردنی حکومەت بەکار هێنا.
هادی عامری لە درێژەدا ئاماژەی بە هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014 و کێشەکانی ئەو سەردەمەی عێراق داوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە تیرۆریستییە دەستی بە سەر چەندین ناوچەی عێراقدا گرت و بە فەتوای ئایەتووڵا سیستانی یەکەم فیشەک بەرەو داعش تەقێندرا و شەڕ دەستیپێکرد.
ناوبراو بەرامبەر بە عێراقییەکان ڕایگەیاندووە کە ئێوە لە ناوچەیەکدا دەژین کە لە ڕووی جوگرافی، ژئۆستراتیژی، ئابوری و نێودەوڵەتییەوە گرنگترین بەشی جیهانە و ئەمەش وایکردووە کە بەردەوام چاوی دوژمنان و ناحەزانی لە سەر بێت.
عامری لە کۆتاییدا پیلانێکی نوێی بە ئامانجی ڕووخانی ئیرادەی عێراقییەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی باس کردووە و ڕایگەیاندووە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پیلانگێڕییە پێویست بە پتەوکردنی بنەماکانی دیمۆکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ڕێگای میکانیزمی درووست و ئاشتیخوازانەوە دەکات./.