بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕاپۆرتێکی ئابوری پیشان دەدات کە سەدان هەزار کرێکاری بیانی لە سعوودیە بە هۆی قەیرانی دارایی و کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئیش و کاری خۆیان لە دەست داوە.
ناوەندی توێژینەوەکانی کەنداوی فارس ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی کرێکاری ئەمساڵ لە سعوودیە هاوکاتە لە گەڵ کاریگەری بەردەوامی لێکەوتە داراییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەر ژیانی کرێکاران بە تایبەت کرێکارانی بیانی.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەم ناوەندە، کرێکارانی بیانی لە سعوودیە بە هۆی شکستی سیاسەتە ئابوری و داراییەکانی حکومەتی ڕیازەوە لە هەلومەرجێکی دژواری ژیاندان. بە هۆی قەدەغەی بەردەوامی هاتووچۆ، داخستنی کارگە و ناوەندە ئابورییەکان و چەند گرفتێکی دیکە شەپۆلی دەرکردنی کرێکارانی بیانی لەو وڵاتە دەستیپێکردووە و حکومەت شوێنەکانی ئەوانی بە کرێکارانی ناوخۆیی پڕ کردووەتەوە.
سعوودیە لە نێو وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس زیاترین گوشاری لە سەرە و کاریگەرییە ئابورییەکانی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ڕابردوو تا ئێستا بووەتە هۆی دەرکردنی سەدان هەزار کرێکاری بیانی.
عەبدولعەزیز خالیدی بەرپرسی بەشی ئابوری لە ناوەندی توێژینەوەیی کەنداوی فارس ڕایگەیاندووە کە بە سەدان هەزار کرێکاری ناوخۆییش کەوتوونەتە بەر کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کەرتی ئابوری سعوودیە چەندین ساڵی پێویستە تا لە کاریگەرییەکانی قەیرانی کۆرۆنا ڕزگار ببێت، شکستی پلانە ئابورییەکانی حکومەتیش وایکردووە کە چەندین دیاردەی وەک گرانبوونی کاڵا و سەپاندنی باج و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان سەر هەڵبدات.
بەم دواییانەش چەندین دامەزراوەی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆیان لە سەر دۆخی ژیانی کرێکارانی بیانی لە سعوودیە ڕاگەیاندووە، ئەوان لە نامەیەکدا بۆ دەسەڵاتدارانی سعوودیە بە توندی ڕەخنەیان لە دۆخی مرۆڤی و ژیان و گوزەرانی ئەو کرێکارانە گرتووە.
لە لایەکی دیکەوە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە کرێکارە بیانییەکان کە زۆربەیان بە نایاسایی چوونەتە سعوودیە، دەستبەسەر کراون و لە هەلومەرجێکی دژواردا لە بەندیخانەکان ماونەتەوە و زۆربەی ئەو شوێنانەش لە ڕووی تەندرووستییەوە پارێزراو نین.
لەو ڕاپۆرتانەدا هاتووە کە بەرپرسانی سعوودیە بە سەدان پەنابەری ئەفریقی و ئاسیاییان دەستبەسەر کردووە و بەندیخانەکانی ئەوان پڕە لە ژنان و منداڵان./.