بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق وتی: بە هەناردەی دوایین بەشی خورمای ساڵی ڕابردوو، هەناردەی خورما گەیشتە 600 هەزار تەن کە پلەی چوارەمی لە سەر ئاستی جیهاندا هەیە.
ناوبراو وتی کە ڕێژەی وەبەرهێنانی خورمای عێراق لە ساڵی ڕابردوو 735 هەزار تەن بووە.
عێراق لە دەیەی 1970 بە وەبەرهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو تەن خورما و بە 33 ملیۆن دارە خورما پلەی یەکەمی جیهانی هەبووە بەڵام لە 1990 ئەو ڕێژەیە گەیشتە 200 هەزار تەن لە ساڵ و بۆ پلەی نۆیەمی جیهانیش دابەزی.
نایف ڕایگەیاند کە لە ئێستادا عێراق خاوەنی 17 ملیۆن دارە خورمایە.
وتیشی کە قەدەغەی هاوردەکردنی خورما و شیرەی خورما ڕۆڵی گرنگی لە پاڵپشتی لەم کەرتەدا هەبووە.
وتەبێژی وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق ڕایگەیاند نرخی کڕینی هەر تەن خورما لە 200 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە 700 هەزار و لە ڕووی پێداویستییەکانیشەوە هاوکاری جوتیاران دەکرێت.
حەمید نایف وتی کە لە ناوخۆی عێراق 150 تا 200 هەزار تەن خورما ساڵانە بەکار دێت و زیادەی وەبەرهێنانیش هەناردەی وڵاتانی دەرەوە وەک هیندستان، سوریا، تورکیا، ئیمارات، بەنگلادیش، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی دەکرێت./.