بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕۆژژمێری فەرمی ئێران ساڵانە ڕۆژی 10 ی مانگی گوڵان (دووەم مانگی ساڵی کۆچی هەتاوی) وەک ڕۆژی نیشتمانیی کەنداوی فارس دەستنیشان کراوە و ئێرانییەکان ئەم ڕۆژە بە ڕۆژێک و بۆنەیەکی نیشتمانی دادەنێن و بەرز ڕایدەگرن.
کەنداوی فارس پەیوەندییەکی کۆن و مێژوویی لە گەڵ شوناسی ئێرانییەکان، خاک و مێژوو و کەلتوری ئەم وڵاتەوە هەیە. لە هەمان سەرەتای سەرهەڵدانی دەسەڵاتە سیاسییەکان لە ناوچەکە، کەنداوی فارس ڕۆڵێکی کەم وێنە و کاریگەری لە هاوکێشە ئابوری، بازرگانی و سیاسییەکانی حکومەتەکان هەبووە.
بە واتایەکی دیکە دەتوانین ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرێدراوی چارەنووسی هاوبەشی شوناسی نیشتمانیی ئێرانییەکان و گەلانی دیکە ناو ببەین کە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕەکانیان لە ڕێگای ئەم ناوچەیەوە بووە.
گرنگی کەنداوی فارس لەو ئاستەدا بووە کە لە کتێب و بەڵگە مێژووییەکانی یەکەم شارستانیەتەکانی ناوچەکە ئاماژەی پێدراوە.
گرنگی دۆزینەوەی ڕێڕەوە دەریاییەکان بە هۆی ناسەقامگیری ڕێڕەوە وشکانییەکان بەردەوام خاڵێکی تایبەت بۆ دەسەڵاتدارانی کۆن بووە، لە گەڵ پێگەی گرنگی بازرگانی و ئابوری، ڕۆڵ و گرنگیی کەنداوی فارس لە هاوکێشە سیاسییەکانی قۆناغە جیاجیاکانیشەوە هەردەم بینراوە.
گرنگیدانی عیلامییەکان بە کەنداوی فارس لە هەزاران ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح کە وەک دایکی پیرۆز ناویان دەبرد، لە گەڵ پلانە ئابوری و ئەمنییەکانی هەخامەنشییەکان و ساسانییەکان کە پێگەی بازرگانیی چەند هێندە بەرز کردەوە، هەموو پیشاندەری ئەوەیە کە تا چەندە ڕۆڵ و پێگەی لە ناوچەکە هەبووە.
کەناراوەکانی باشور و باکوری کەنداوی فارس لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا بەردەوام بەشێکی دانەبڕاوی ئێران بوون، لە قۆناغە جیاجیاکاندا کاتێک کە چاودێریی سیاسی حکومەتی ناوەندی لە سەر ئەم ناوچەیە لاواز بووە، حکومەتە خۆجێییەکان هێزیان گرتووە و لە کەناراوەکانی باشورەوە لە کەناراوەکانی باکور و ئێرانی نشتن نزیک دەبوونەوە و ئەم ناوچەیان دەخستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.
کۆی گشتی ئەم ڕووداوانەش دەبووە هۆکاری گرتنەبەری ڕێکاتی پێویست لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی ئەو کاتەی ئێرانەوە و تا ڕادەیەک گرژی و ئاڵۆزیشی بە دوای خۆیدا دەهێنا.
گرنگی کەنداوی فارس لە چوارڕێیانی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندە زۆر بووە کە حکومەتەکانی ئەورووپا لە سەدەی حەفدەیەمی زائینی تا سەدەی بیست و یەک لە هەستیاری و بایەخی ئەم ناوچەیە تێدەگەیشتن، بە جۆرێک کە نوێنەری حکومەتی ئەو کاتەی بەریتانیا لە وڵاتی هیندستان مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیی بە ناسینەوەی گرنگی و پێگەی کەنداوی فارسەوە گرێدەدا و بەردەوام جەختی لە سەر گرنگی و پێگەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە دەکردەوە.
هەر بۆیە کەنداوی فارس بەردەوام ئەم ڕۆڵ و پێگە ستراتیژییەی هەبووە و ئەمڕۆ بووەتە ئامرازێکی یەکڕیزی نیشتمانی ئێرانییەکان و ساڵانە لە ڕێکەوتی 10 ی گوڵانی ساڵی کۆچی هەتاوی وەک بۆنەیەکی نیشتمانی بەرزی ڕادەگرن و شانازیش بەوە دەکەن کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای پیلانگێڕی بەردەوامی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی ئەوان لە ناوچەکە، بە باشترین شێواز دەسەڵاتی ئێرانیان بە سەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییەدا پاراستووە./.