بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاروانسەرای بێستون ناسراو بە کاروانسەرای شاعەباسی لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای کرماشانە و لە 30 کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی کرماشان و لە شوێنی بێستونی کۆنە. ئەم کاروانسەرایە بە شێوازی چوار هەیوانی و لە هەر چوار لای بیناکە چەندین تاوەر دەبینرێت، تاوەرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای بیناکە تایبەتمەندی زۆریان هەیە.
دیواری ئەم بینایە لە بەردی ناوچەکەیە و بەشێکی سەرەوەی لە خشت درووست کراوە. دەروازەی سەرەکی کاروانسەراکە لە بەشی باشوریدایە. لە هەر دوو بەشی ئەم دەروازەیە حەوت تاق دەبینرێت.
لە هەر بەشێکی ئەم کاروانسەرایە شەش ژوور دەبینرێت، لە بەردەم هەر ژوورێک حەوشەیەکی بچووک دەبینرێت، لە بەشی ڕوبەڕوی دەروازەی کاروانسەراکە بەشێکە بە ناوی شانشینی.
کاروانسەرای بێستون لە سەر فەرمانی شا عەباسی یەکەمی سەفەوی بونیاد نراوە. بە پێی ئەو بەردەنووسەی کە لە شا سولێمانی سەفەوی لەم بینا ماوەتەوە، پێدەچێت بیناکە لە سەردەمی شا سولێمان و سەرۆک وەزیرانیی شێخ عەلی خانی زەنگەنە تەواو کرابێت. ئەم بینایە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی نەسرەدین شای قاجاڕ و سەرۆک وەزیرانیی میرزا ئاغاخانی نوری لە لایەن کەسێک بە ناوی حاجی جەعفەرخان مێعمار باشی ئەسفەهانی نۆژەن کراوەتەوە.
شێوازی بونیادنانی ئەم کاروانسەرایە لە سیستەمی بیناسازی سەردەمی سەفەوییەکان دەچێت. پاش ئەوەی کە لە لایەن وەزارەتی کەلەپوری فەرهەنگی، پیشەسازی دەستی و گەشتیاری ئێران بۆ تۆمارکردنی لە سەر ئاستی جیهان پێشنیار کرا، لە لایەن ئەم وەزارەتەوە نۆژەن کرایەوە و ئەمڕۆ شوێنی سەردانی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانییە. کاروانسەرای بێستون لە ساڵی 1353 ی کۆچی هەتاوی (1974) بە ژمارە 974 وەک ئاسەوارێکی نیشتمانی لە سەر ئاستی ئێران تۆمار کراوە.
لە ئێستادا هوتێل نێودەوڵەتی لالەی بێستون لەم کاروانسەرایەدایە و بە 20 ژووری پێشوازییەوە دەتوانێت شوێنی 100 کەس بکاتەوە./.