بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هێزەکانی ناتۆ پرۆسەی کشانەوەیان لە ئەفغانستان دەستپێکردووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا ڕۆژی پێنج شەممە لە سەر زاری بەرپرسێکی ناتۆ ڕایگەیاند: هاوپەیمانانی ناتۆ لە ناوەڕاستی مانگی نیسان بڕیاریاندا کە یەکی مانگی ئایار کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکشێننەوە و ئەم پرۆسەیەش دەستیپێکردووە.
ئەو بەرپرسەی ناتۆ ڕایگەیاندووە کە سەرجەم ڕێوشوێنەکان بۆ پاراستنی هێزەکان دەگیرێتەبەر.
ڕاشیگەیاندووە کە هەر هێرشێکی گرووپی تاڵیبان لە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.
پێشتر جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی تا 11 ی ئەیلول لە ئەفغانستان دەکشێنەوە، وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیاش کشانەوەی 1300 سەربازی وڵاتەکەیی تا سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ ڕاگەیاند./.