ئەنوەر حوسێن چاودێری سیاسی هەرێمی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، وتی: سەردانەکەی محەممەد جەواد زەریف بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چەند ڕەهەندێکی جیاواز لە خۆ دەگرێت. یەکەم: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق پەیوەندییەکی کۆن و مێژووییە و بە تایبەت لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس لە 2003 گرنگییەکی زۆری بۆ دەسەڵاتدارانی تاران هەیە و کاریگەرییەکانی ئێران لە بواری سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی عێراق بە ڕوونی دەبینرێت و بەردەوام هەوڵی ئەوەشیداوە کە چاودێری دۆخی عێراق بکات و ئاستی دەستڕۆیشتوویی خۆی بپارێزێت. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکاش لە عێراق ڕکابەرێتی ئێران دەکات و بەردەوام هەوڵی لاوازکردنی پێگەی ئێرانی داوە و بە بۆچوونی من تا ئێستا لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە پێگەی وەک ئێران بێت یان پێگەی ئەم وڵاتە لە عێراق لاواز بکات.
ناوبراو لە شرۆڤەی دووەم ڕەهەندی سەردانەکەی زەریف بۆ عێراق وتی: دەتوانین بڵێین کە ئەم سەردانە پەیوەندیشی بە هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی عێراقەوە هەبووە و بۆ ئێران گرنگە کە دۆست و لایەنگرانی بە تایبەت لایەنە سیاسییە شێعەکان سەرکەوتن بە دەست بێنن.
ئەنوەر حوسێن تی: هاوکات باس لە دانوستانی نێوان ئێران و سعوودیە بە نێوەندگێڕی عێراق و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە دەکرێت، ئەمەش بابەتێکی گرنگە بۆ ئێران و بە واتای سفرکردنی کێشەکانی لە گەڵ سعوودیە وەک جەمسەرێکی دیکەی ناوچەکە، بە تایبەت لە پاش هاتنەسەرکاری جۆبایدن لە ئەمریکا کە تاران و واشنتن لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی ناڕاستەوخۆ وتووێژەکانیان دەستپێکردووەتەوە و هەروەها ئیسرائیل پەرەی بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی نەیاری ئێرانەوە داوە.
ئەم چاودێرە سیاسییەی هەرێمی کوردستان وتی: خاڵێکی گرنگی دیکەی هاوپەیوەند بەم سەردانە بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ عێراق و هەرێم دەگەڕێتەوە، ئێران ساڵانە لە گەڵ عێراق تا 13 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەیە کە لە گەڵ هەرێمی کوردستان ئەم ڕێژەیە نزیکەی 5 ملیار دۆلارە، ئەمەش بابەتێکی گرنگە بۆ ئێران بە تایبەت لە سەردەمی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا کە دەتوانێت وەک دەرفەتێک بەکاری بێنێت.
ناوبراو وتی: هەندێک نیگەرانی ئەمنی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانیش هەیە، بە لای ئێرانەوە ڕەنگە نیگەرانی ئەمە بێت کە بنکەی سەربازی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان هەیە و هەماهەنگی زۆر لە گەڵ ئەو وڵاتەش دەبینرێت و نەیارانی ئێرانیش لە خاکی هەرێمەوە سنورەکانی ئێران ببەزێنن، هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە نیگەرانی ئەوەیە کە گرووپە شێعەکان ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر هەولێر.
وتیشی کە ئەم سەردانە ڕۆڵی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان دەبێت بەڵام ناتوانێت کۆتایی بە هەندێک ناکۆکی و نیگەرانی نێوان ئێران و عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستان بێنێت.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد