بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بەغدا لە گەڵ سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە کۆبووە.
لە ڕاگەێندراوێکی نووسینگەی سەید عەمار حەکیمدا هاتووە کە لەو کۆبوونەوەدا هەر دوو لا دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق، ناوچەکە، جیهان و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدایان تاوتوێ کرد.
لەو ڕاگەێندراوەدا هەروەها هاتووە کە جەخت لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کراوەتەوە و سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی عێراقیش وەک دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاری لەم دۆخە و هەوڵدان بەرەو سەقامگیری سیاسی و ئەمنی وتووێژ کراوە.
سەید عەمار حەکیم ڕایگەیاندووە کە عێراق هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان لە پێناو بەرژەوەندییەکان و سەروەری خۆی دەدات و بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی هێنان بە کێشە و قەیرانەکان داوای وتووێژ و هاوکاری لە هەمووان دەکات./.