بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری شاندێک کە پێکهاتبوو لە باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە بەغدا و سەرکۆنسووڵەکانی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی، گەیشتە هەولێر و پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆبووە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەدا جەختی لە سەر پەیوەندی کۆن و مێژوویی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە و وتی کە تاران لە قۆناغە دژوارەکاندا بەردەوام پاڵپشتیی لە هەرێم کردووە.
ناوبراو وتی کە هەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت و لە سەر بنەمای دراوسێیەتی و بەرژەوەندی هاوبەش، لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران دەڕوانێت.
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش خواستی تارانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و وتی کە ئێران دەیەوێت ناوچەکە ئارام بێت و بوونی سەقامگیری و پەیوەندی ئابوری و بازرگانی لە بەرژەوەندی هەر دوو لا دەبێت./.