بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەردانی بەغدای کردووە لە گەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووە.
بەرهەم ساڵح لەو کۆبوونەوەدا وتی: سیاسەتی دەرگای کراوەی عێراق کە بە ڕووی وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا کراوەتەوە، ئامانجی پەیوەندییەکی هاوسەنگە لە چوارچێوەی پاڵپشتی لەو هەوڵانەی کە بۆ کەمکردنەوەی قەیران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت.
ناوبراو وتی کە عێراقێکی بەهێز، سەربەخۆ و خاوەن سەروەری لە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەیە.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی: وڵاتانی ناوچەکە ڕوبەڕوی چەند کێشەیەکی گرنگ بوونەتەوە و دەبێت بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە سەر بنەمای وتووێژ هەنگاو بەرەو تێپەڕاندنی کێشەکان و بەربەستەکانی بەردەم ئەم هاوکارییە بنێین.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو کۆبوونەوەدا سڵاوی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندە سەرۆک کۆماری عێراق و گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە و هیوای خواست کە عێراق خاوەنی ئاسایش و سەقامگیری بێت./.