بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیا عێراقییەکان هەواڵی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەیەکیان لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی شاری بەغدا بڵاو کردەوە.
کەناڵی جزیرە ڕایگەیاندووە کە هۆکاری ڕووداوەکە، تەقینەوەی بتڵی ئۆکسجین لەم نەخۆشخانەی تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا بووە.
کازم بوهان سەرۆکی دەزگای بەرگری شارستانی عێراق ڕایگەیاندووە کە 120 توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکەدا بوون کە 90 کەس لەوان لە مردن ڕزگاریان بووە.
ناوبراو وتی کە نەخۆشخانەکە هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژێنەوەی نەبووە و لێکۆڵینەوە لە سەر هۆکاری ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
بە پێی ئاماری میدیا عێراقییەکان ئەم ڕووداوە 27 کوژراو و 46 برینداری لێکەوتووەتەوە.
لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەتی ئەم وڵاتە کردووە کە لە بەرامبەر ڕووداوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب هەڵوێستێکی بەرپرسیارانەی هەبێت.
لێژنەکە داوای لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە وەزیری تەندرووستی لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی دەستبەسەرکردنی بەرپرسانی نەخۆشخانەکەی دەرکرد.
بڕیارە ئەمڕۆ یەک شەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئەمنی سەبارەت بە تاوتوێکردنی ڕووداوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب بەڕێوە بچێت.
کازمی ڕایگەیاندووە کە ڕووداوەکە کاریگەریی لە سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەبێت.
بە وتەی ناوبراو، ئەم ڕووداوە ئاماژەیەکە بۆ سەرنەکەوتن و پێویستی بە تاوتوێکردن هەیە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها ڕایگەیاند کە کەمتەرخەمی تەنیا هەڵە نییە، بەڵکوو تاوانە کە دەبێت ئەو کەسانە بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ بگرن.
کازمی وتی کە دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانم ڕادەست بکرێت و کەسانی بەرپرسیش وەڵام بدەنەوە./.