بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی شەرقییەدا وتی: سەرۆک وەزیران و سیاسەتمەدارانی دیکەی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت پلانێکی نوێ بۆ گۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتە بخرێتەڕوو.
ناوبراو وتی: 18 ساڵ بەسە بۆ ئەوەی کە باس لە قۆناغی ڕاگوزەر بکەین و دەبێت بچینە قۆناغێکی نوێوە، بە پێچەوانەی ئەمەش دیار نییە کاری وڵات بە کوێ دەگات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: سەردانەکەی ئەم دواییەم بۆ بەغدا پەیامێک بۆ سەرجەم سیاسەتمەدارانی عێراقی بووە کە ئێمە هەڵەمان کرد، ئێوەش هەڵەتان کرد، وەرن پێکەوە دابنیشین و سوود لە هەڵەکانی ڕابردوو بگرین و ژیانێکی باشتر بۆ عێراقییەکان دابین بکەین.
ناوبراو جەختیکردەوە کە ئەگەر ئەم تێڕوانینە بە سەر عێراقدا زاڵ نەبێت ناگاتە ئەو داهاتووە ڕوونەی کە چاوەڕوانی دەکات.
بارزانی وتی کە گەلی عێراق شیاوی ژیانێکی باشتر لەوەن کە ئەمرۆ دەیبینن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی کە ئەم هەموو شەڕ و ململانێیە مانا و پاساوێکی نییە.
نێچیرڤان بارزانی وتی: دەبێت گرنگی بە چەند بابەتێک وەک گەڕانەوەی متمانەی خەڵک بۆ سیاسەتمەداران و پرۆسەی سیاسی وڵات بدەین، دیمۆکراسی تەنیا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵکوو خەڵک دەبێت ئەوە ببینن کە دەنگی ئەوان لە کەشی سیاسی و جێبەجێکاریی وڵاتدا گۆڕانکاری دەخوڵقێنێت.
ناوبراو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای بە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم سەقامگیری عێراق ناو برد و وتی کە هەرێمی کوردستان داوای چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای وتووێژ و گرتنە ئەستۆی ڕۆڵێکی باشتر لە عێراق دەکات.
بارزانی جەختیکردەوە کە بەشێکی زۆری کێشەکانی عێراق بۆ شێوازی بیرکردنەوەی بڕیاربەدەستەکان دەگەڕێتەوە و ناتوانین کێشەکان لە سەر ئەم بیرکردنەوە چارەسەر بکەین کە من بەهێزم و لایەنی بەرامبەرم لاوازە، بەڵکوو دەبێت وەک ئەندامانی یەک بنەماڵە لە سەر یەک مێز کۆببینەوە و کێشەکانمان چارەسەر بکەین./.