بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاڵپشتی چەکداری لە هۆزە دژبەرەکانی حکومەتی ناوەند، هەوڵدان بۆ کەلێن خستنە نێو لایەنە سیاسییەکان، پاڵپشتی لە دابەشکردنی عێراق، پاڵپشتی لە سەرهەڵدان و بەهێزبوونی گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکانی وەک داعش، بەشێکە لەو بیرەوەرییانەی کە لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس لە پاش گۆڕانکارییەکانی 2003 ماوەتەوە.
لە ئێستادا زیاتربوونی هاتووچۆی شاندە عێراقییەکان بۆ چەند وڵاتێکی ناوچەی کەنداوی فارس بە تایبەت لە کاتی نزیکبوونەوە لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی ئۆکتۆبەری عێراق بووەتە هۆی نیگەرانی ئەو سیاسەتمەدارانەی کە ڕەخنە لە سیاسەت و پیلانەکانی سعوودیە و ئیمارات لە وڵاتەکەیان دەگرن.
سەردانەکەی ئەم دواییەی مستەفا کازمی بۆ هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیە و عێراق بە ڕواڵەت بووە هۆی واژۆکردنی چەند گرێبەست و ڕێکەوتنێک و ئەو وڵاتانە بەڵێنی هاوکارییان لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا. ئەوان لە کاتێکدا بەڵێنی هاوکاریکردنی عێراقیان داوە کە هێشتا یەک دینار لە بەڵێنەکانی پێشوویان نەبردووەتەسەر.
ئەم ڕووداوانە و هەندێک هەڵوێستی حکومەتی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی کە لایەنە سیاسییەکان لەم وڵاتە بە نیگەرانییەوە لە پیلانەکانی داهاتووی سعوودیە و ئیمارات بڕوانن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەگەر نیازی پیلانگێڕی نەبێت ئەم وەبەرهێنان و هاوکارییانە بۆ عێراقێکی گیرۆدەی ئاسەوارەکانی شەڕی داعش و چەند قەیرانێکی دیکە زۆر گرنگە. هەر بۆیە پرسیار ئەوەیە کە بۆ سیاسەتمەدارانی عێراقی لەم ئاستەدا لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لە گەڵ سعوودیە و ئیمارات نیگەرانن؟
شرۆڤەکارێکی عێراقی پێی وایە کە چەند وڵاتێکی ناوچەی کەنداوی فارس جموجوڵەکانیان دەستپێکردووە تا لە ڕێگای چەند لایەنێکی سیاسییەوە کاریگەری لە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی عێراق دابنێن.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت. کەریم خیکانی هەوڵەکانی سعوودیە و ئیمارات بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دەیانەوێت حکومەتێک لە پاش هەڵبژاردنەکانی عێراق بێتە سەر کار کە نیازی سازشتی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەبێت، ئەو پیلانەی کە لە سەردەمی دوناڵد ترەمپدا بووە هۆی ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی.
بێمتمانەیی بەرامبەر بە سعوودیە و ئیمارات لە عێراق زیاتر لە هەر شتێکی دیکە بۆ سیاسەتی تائیفی ئەو دوو وڵاتە و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی لە عێراق دەگەڕێتەوە.
پاڵپشتی چەکداری لە هۆزە دژبەرەکانی حکومەتی ناوەند، هەوڵدان بۆ کەلێن خستنە نێو لایەنە سیاسییەکان، پاڵپشتی لە دابەشکردنی عێراق، پاڵپشتی لە سەرهەڵدان و بەهێزبوونی گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکانی وەک داعش، بەشێکە لەو بیرەوەرییانەی کە لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس لە پاش گۆڕانکارییەکانی 2003 ماوەتەوە.
ڕیاز و ئەبوزەبی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەهێزبوونی عێراق و سەروەری نیشتمانی ئەم وڵاتەیان تەنیا بە هۆی ئەوەی کە پەیوەندیی لە گەڵ ئێران هەیە، لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆیان داناوە و بەردەوام دژ بەم وڵاتەش پیلانگێڕییان کردووە.
لە پاش شۆڕشی گەلانی عەرەب، وڵاتانی سعوودیە و ئیمارات کە خاوەنی سیستەمێکی دیکتاتۆرین، سیاسەتێکی توندیان لە دژی نەیارانی خۆیان پەیرەو کردووە. ئەوەی کە لە بەحرەین و یەمەن بینراوە بۆ ئەوەیە کە بە هەر شێوازێک ڕێگری لە پەرەسەندنی شۆڕشی خەڵک لە وڵاتانی عەرەبی بگیردرێت.
ڕیاز و هاوپەیمانەکانی بە گەورەترین لایەنگرانی ڕەوتە سەلەفی و تەکفیرییەکان لە ناوچەکە دادەنرێن. ئەو گرووپە تیرۆریستییانە بەردەوام هەوڵی کۆمەڵکوژی خەڵکیان لە هەر ئائین و نەتەوەیەک داوە، ئەوان بە دیاریکراوی لە سوریا و عێراق ئەم سیاسەتەیان پەیرەو کرد.
لە ناوخۆی سعوودیەش سەرکوتکردنی نەیاران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ڕووی لە زیادبوون کردووە. سوپای سعوودیە لە ساڵی 2015 و بە هاتنەسەرکاری بن سەلمان تا ئێستا بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کردووەتە قوربانی.
بەم ئەزموونە تاڵەوە، ئێستا سعوودیە و ئیمارات باس لە باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق دەکەن، ئەمەش نیگەرانی لایەنە عێراقییەکانی بە دواوە بووە و ئەوان بە گومانەوە لەم سیاسەتەی دوو وڵاتەکەی لایەنگری تیرۆر لە ناوچەکە دەڕوانن.
ڕیاز و ئەبوزەبی ئەوەیان پیشانداوە کە هەبوونی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خاوەن دیمۆکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەوانە و بە هەموو هێزێکەوە لە دژی دەوەستنەوە و سیاسەتی ئەوانیش لە عێراق لە سەر ئەم بنەمایە بووە.
بەم پێیەش، دەستڕۆیشتوویی سعوودیە و ئیمارات لە عێراق کە خەڵکەکەی لە پاش سەدەیەک دەرفەتی بەشداری کاریگەری سیاسییان بە دەست هێناوە، ڕەنگە ببێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری حکومەتی ناوەندی و ناسەقامگیری زیاتری ئەم وڵاتە./.