بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە کۆشکی سپی لە کۆبوونەوەیەکی لە گەڵ ژمارەیەک لە جولەکەکانی ئەمریکا هەڵوێستی جۆبایدنی لە بەرامبەر ئێران دووبارە کردەوە و وتی کە تا ئێران بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی و بەڵێنەکانی نەگەڕێتەوە، گەمارۆکان دەمێنێتەوە.
ناوبراو وتی: تا کاتێک کە پلانی ناوەکی ئێران سنوردار نەبێت و دیسانەوە بۆ ڕێڕەوی سەرەکی خۆی نەگەڕێتەوە، ئێمە واز لە سزاکان ناهێنین.
مەکگۆرک سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەننای تایبەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێرانیش وتی: ڕێگایەکی دوور و درێژمان لە پێشە و ئەمە پرۆسەیەکی دژوارە بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەردەوامی ئەم پرۆسەیە هیچ تێچوویەک نادات، ئەگەر لە ئێرانەوە بەڵێنێکی بەهێز بۆ سنوردارکردنی پلانی ناوەکی ببینین و بتوانین چاودێری هەنگاوەکانی ئێرانیش بکەین، ئەو کات گەمارۆکان بە پێی میکانیزمی دیاریکراو هەڵدەگیرێن.
لێدوانەکانی ئەم دیپلۆماتکارەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا پێش گەڕانەوەی بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەبێت بڕیاری هەڵوەشانەوەی سەرجەم سزا و گەمارۆکان دەربکات./.