بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم گوندە لە 200 خێزان پێکهاتووە و دانیشتووانەکەشی بە پیشەی کشتووکاڵ و بەخێوکردنی مریشک و پەلەورەکانی دیکەوە سەرقاڵن.
گوندەکە ناوی زەڕگەرە و دانیشتووانەکەی دەڵێن بنەڕەتی ئێمە لە وڵاتانی دەرەوەیە، ئەڵبەت شانازی بە ئێرانیبوونی خۆیان دەکەن و شارەزایی تەواویشیان لە زمانی فارسیدا هەیە و مەزهەبی شێعەشیان هەیە.
گوندی زەڕگەر لە کوێیە؟
لە سەر ڕێگای تاران – قەزوێن، نزیک قەزای ئابیەک، گوندێک هەیە بە ناوی زەڕگەر.
دانیشتووانی زەڕگەر لە کوێوە هاتوونەتە ئێران؟
بۆچوونی زۆر سەبارەت بەوە هەیە کە دانیشتووانی ئەم گوندە بنەڕەتیان بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ ژمارەیەکی زۆر پێیان وایە کە ئەوان لەو کۆچەرانەن کە زۆر دەمێکە بۆ ئێران کۆچیان کردووە و لە چەند ناوچەیەک بە تایبەت گوندی زەڕگەری ئەمڕۆ نیشتەجێ بوون، هەروەها بەشێکی دیکەی ئەوان لە گوندێکی وەسمەق لە پارێزگای ناوەڕاستی ئێران بوونیان هەیە کە بە هۆی نزیکایەتی لە گەڵ پێکهاتەکانی دیکە زمانیان بووەتە زمانی فارسی.
هەندێکی دیکە دەڵێن کە لە شەڕەکانی نێوان ئێران و ڕۆما، ژمارەیەک دیل ئازاد کراون و موڵەتی ئەوەیان پێدراوە کە لە ئێراندا بمێننەوە و ئەوان وەک یەکەم بیانییەکان لە ئێراندا نیشتەجێ بوون.
بۆچوونێکی دیکە هەیە کە دەڵێت ئەسکەندەر مەقدونی پاش شەڕی دژ بە ئێران و لە کاتی گەڕانەوەی، فەرمانێکی دەرکرد کە هەر کەسێک لە سوپاکەی دەتوانێت لە ئێراندا بمێنێتەوە و ژمارەیەک لەوان لە نزیک قەزوێن مانەوە.
تەنانەت بۆ ناوی گوندەکەش چەندین بۆچوون هەیە. هەندێک دەڵێن کاتێک ناسنامەیان بۆ دانیشتووانی گوندەکە دەردەکرد، ژنانی ئەوان زێڕ و زیویان درووست دەکرد و بەم بۆنەوە ناوی گوندەکەیان وەک زەڕگەر دیاری کرد. زەڕگەر لە زمانی فارسیدا بەو کەسە دەڵێن کە زێڕ یان ئاڵتون درووست دەکات. لە چیرۆکێکی دیکەدا کە مێژووەکەی بۆ 300 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، هاتووە کە نادر شا سێ برای وەستای زێڕی بە ناوەکانی ئەحمەد، سەیفوڵڵا و زیدولمولک لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هێنایە ئێران و گوندی زەڕگەری ئێستا وەک شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانی داوەتە ئەحمەد.
زەڕگەری یان ڕۆمانۆ زمانێکە کە بنەڕەتی بۆ هیند و ئەورووپییەکان دەگەڕێتەوە کە لە لایەن کۆچەرەکانەوە بەکار دەهات، ئەوان لە سەرتاسەری ئەورووپا و بەشێک لە ئاسیا بینراون. ئەمڕۆ زمانی دانیشتووانی گوندی زەڕگەر لە گەڵ زمانی پێکهاتەکانی دیکەی ئێران بە تایبەت ئازەرییەکان (تورکەکان) تێکەڵ بووە و زمانی فارسی وەک زمانی دووەمی ئەوان بووە.
هومایۆن زەڕگەر، لێکۆڵەر و لە کەسایەتییەکانی گوندەکە، ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانەی لە سەردەمی ساسانییەکان هاتوونەتە ئێران، دواتر بە هۆی شێوازی ژیان و ئەوەی کە بەردەوام کۆچیان کردووە، چوونەتە شوێنەکانی دیکە بەڵام چەندین بەڵگە پیشان دەدات کە گرووپێکی دیکە لەوان لە سەردەمی سەفەوییەکان سەر لە نوێ هاتوونەتە ئێران لەم گوندەی ئێستا نیشتەجێ بوون و هەر لەم شوێنەوە بەرەو چەند ناوچەیەکی دیکە کۆچیان کردووە. دانیشتووانی ئەم گوندە بە ڕۆمانۆکان ناسراون. لە پارێزگای ئەردەبێڵ سێ گوند هەیە کە دانیشتووانەکەیان بنەڕەتیان بۆ ئەم کەسانە دەگەڕێتەوە، ئەڵبەت زمانی ڕۆمانۆیان بە تەواوی لەبیر کردووە و بە تورکی قسە دەکەن.
بەشێکی دیکەی ڕۆمانۆ زمانەکانی دانیشتووی ئێران لە گوندی قشڵاقی زەڕگەرەکان لە شاری شاریار نیشتەجێن و چەندین بەڵگە هەیە کە پیشان دەدات گرووپێک لەوان چوونەتە پارێزگای فارس و ناوچەیەک لە پارێزگای خوزستان.
هەندێک لەو بڕوایەدان کە زەڕگەرەکان 600 ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەنادۆڵەوە بە بۆنەی لەوەڕگەکانەوە هاتوونەتە ئێران و لە سەردەمی سەفەوییەکان لەم ناوچەیەدا نیشتەجێ بوون و تا ئێستاش زمانی خۆیان کە چەشنێک لە زمانی ڕۆمییە، پاراستووە./.