بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئێحسان حوسێنی بە ئاماژە بە ڕێکارەکانی بێ کاریگەرکردنی گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا، وتی: کردنە ئامانجی گەمارۆی کەرتی ئابوری ئێران بە پێی خاڵە لاوازەکان بووە، واتە ئەمریکا ئەوە تاوتوێ دەکات کە بۆ نموونە خاڵی لاوازی کەرتی نەوت و وزەی ئێران چییە و بەوەش گەیشت کە فرۆشتنی نەوتی خاو یەکێک لەو خاڵە لاوازانەیە.
ناوبراو وتی: پاش گەیشتن بەو خاڵە لاوازانە ئەمریکا سزای بە سەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند و بە دیاریکراوی هەوڵەکانی لە دژی هەناردەی نەوت چڕ کردەوە و سزای بە سەر ئێراندا سەپاند تا زیان بە کەرتی ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵک بگەێنێت.
حوسێنی هەروەها جەختیکردەوە: بە واتایەکی دیکە لە گەڵ هەر سزایەکی ئەمریکا، خاڵێکی لاواز لە کەرتی ئابوری ئێراندا هەیە و ئێمە ئەگەر بمانەوێت گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا بێ کاریگەر بکەین و چەکی گەمارۆیی ئەو وڵاتە لە ناو ببەین، دەبێت چارەسەرێک بۆ خاڵە لاوازەکان بدۆزینەوە.
ئەم شارەزایەی بواری نەوت و وزە وتی: ڕێکاری ئێران بۆ بێ کاریگەرکردنی گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا ئەوەیە کە تا دەتوانێت لە فرۆشتنی نەوتی خاو دوور بکەوێتەوە و بەرەو کردنەوەی پاڵاوگە و وەبەرهێنان و هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی هەنگاو بنێت تا بتوانێت بە تەواوی گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا پووچەڵ بکاتەوە.
لە گەمارۆکاندا هەناردەی نەوت نەگەیشتە خاڵی سفر و هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان زیادی کرد:
ناوبراو بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ئێران لە دژی گەمارۆ نەوتییەکان وتی: بە گشتی لە هەلومەرجی گەمارۆکان هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان کە بەهای زیاتریشیان هەیە، زۆر ئاسانترە لە هەناردەی نەوتی خاو و ئەمریکاش ناتوانێت کێشەیەک لەم بوارەدا بخوڵقێنێت، لە بەر ئەوەی کە ئامرازەکانی ناسینەوە و بەدواداچوونی ئەمریکا لەم بوارەدا کاریگەرییان نەماوە.
حوسێنی ڕایگەیاند: هۆکاری ئەوەی کە گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بێ کاریگەرە بەڵام سزای نەوتەکەی ئێمە دەدات بۆ جیاوازی بازاڕی بەرهەمە نەوتییەکان و بازاڕی نەوت دەگەڕێتەوە. لە بازاڕی بەرهەمە نەوتییەکان ئێمە بە ئاسانی هەناردەی خۆمان دەگەێنینە هەندێک ناوچەکە کە بۆیان ڕوون ناکرێتەوە.
وتیشی: لە ساڵی ڕابردووی کۆچی هەتاوی هەوڵی حکومەت لەوەدا بووە کە بە هەر شێوازێک هەناردەی نەوت بە خاڵی سفر نەگات و بە پێی لێدوانێکی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران داهاتەکەی 4 ملیار دۆلار بووە.
حوسێنی وتی: بەڵام لە ساڵی ڕابردوو بە پێی ڕاگەیاندنی گومرۆکی ئێران هەناردەی بەنزین بۆ وڵاتانی دەرەوە 3 ملیار دۆلار بووە.
سەید ئێحسان حوسێنی وتی: بەنزین تەنیا یەکێک لەو 5 بەرهەمەی سەرەکی پاڵاوگەکانە و ئەمەش لە سەدا 70 تا 80 ی لە ناوخۆی ئێراندا بەکار دێت و لە سەدا 20 تا 30 ی هەناردە دەکرێت و دەتوانین بڵێین کە هێندەی هەناردەی نەوت لەو ڕێژە بەنزینە داهات بە دەست هاتووە.
ناوبراو وتی: ئەگەر وەزارەتی نەوتی ئێران لەم هەموو ساڵەدا بیری لە کردنەوەی پاڵاوگە ستراتیژییەکان دەکردەوە ئێستا ڕێژەیەکی زیاتر بەرهەمە نەوتییەکانی وەک بەنزین هەناردە دەکرا و بێ کاریگەرکردنی گەمارۆ نەوتییەکانیش زیاتر دەبوو.
هەناردەی بەنزینی ئێران دەتوانێت بگاتە 6 ملیار دۆلار:
ئەم شارەزایەی کاروباری وزە وتی: دەبێت بزانین کە داهاتی 3 ملیار دۆلاریی ئێران لە هەناردەی بەنزین لە هەلومەرجی ئاڵۆزی بازاڕی نەوتدا بووە، واتە لە ساڵی ڕابردوو بە هۆی کۆرۆناوە بازاڕی نەوت تووشی پاشەکشە بووە و نرخی بەنزینیش بەو هۆیەوە دابەزی و ئەگەر ئەو کێشەیە نەدەبوو و بازاڕ سەقامگیری دەبوو، داهاتی هەناردەی بەنزینی ئێران تا دوو هێندەش زیادی دەکرد.
ناوبراو وتی: بەنزین تەنیا یەکێکە لە 5 بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران کە هێندەی هەناردەی نەوتی خاو بۆ ئێمە داهاتی هەبووە و ئەگەر بەهای بەرهەمە هەناردەکراوەکانی دیکەش مەزندە بکەین ئەم ڕێژەیە زیاتریش دەبێت، لە بەر ئەوەی کە بازاڕی بەرهەمەکانی دیکەی وەک گازۆئیل بەراورد بە بەنزین باشترە.
کردنەوەی پاڵاوگەی ئەستێرەی کەنداوی فارس هەڕەشەی گەمارۆ نەوتییەکانی بۆ ئێران کردە دەرفەت:
حوسێنی بە ئاماژە بە ئەزموونی ئێران لە بێ کاریگەرکردنی گەمارۆ نەوتییەکان وتی: ڕەنگە ئەم پرسیارە بکرێت کە هەرچەندە هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان بەراورد بە هەناردەی نەوتی خاو باشترە، ئێران تا ئێستا ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە بواری بێ کاریگەرکردنی گەمارۆ نەوتییەکان لە ڕێگای کردنەوەی پاڵاوگەکاندا هەبووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەرێنییە. بەڵێ، ئەزموونی سەرکەوتووی کردنەوەی پاڵاوگەی ئەستێرەی کەنداوی فارس یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی ئێرانە بۆ بێ کاریگەرکردنی گەمارۆ نەوتییەکان.
وتیشی: کردنەوەی ئەم پاڵاوگەیە لە سێ لاوە هەڕەشەی گەمارۆ نەوتییەکانی بۆ ئێران کردە دەرفەت. ئەگەر ئەم پاڵاوگەیە درووست نەدەکرا ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە سەر دەستی ئێمە دەمایەوە و وڵاتێکی وەک کۆریای باشور لە ژێر کاریگەری سیاسەتەکانی ئەمریکا ئەو نەوتەی وەرنەدەگرت بەڵام بە کردنەوەی پاڵاوگەی ئەستێرەی کەنداوی فارس ئەو ڕێژە نەوتە لە ناوخۆدا کرایە بەرهەمە نەوتییەکان و بە ئاسانی بە داهاتی باشترەوە هەناردە کرا، واتە لە سەردەمی گەمارۆکان بە سیاسەتی درووستکردنی پاڵاوگەکان چەکی گەمارۆ نەوتییەکان بێ کاریگەر کرا.
حوسێنی وتی: ئەو داهاتە 3 ملیار دۆلارییە بە تەواوی بۆ پاڵاوگەی ئەستێرەی کەنداوی فارس دەگەڕێتەوە. وەبەرهێنانی بەنزینی ئەم پاڵاوگەیە 40 ملیۆن لیترە کە ساڵانە بە پێی نرخی 290 دۆلار بۆ هەر تەن بەنزین، 3 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە.
ئەم شارەزایەی کاروباری وزە وتی: واتە کردنەوەی پاڵاوگەیەک بووەتە هۆی ئەوەی کە بەنزینی زیادە بکەینە دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر. بەدەر لەمەش پاڵاوگەکە سووتەمەنی پێویستی کەرتی گواستنەوەی وڵاتی دابین کردووە./.