بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیلام خاوەنی شارستانیەتێکی 9 هەزار ساڵە، 641 هەزار هێکتار دارستان، 15 ڕوباری هەمیشەیی، 20 سەراو، هەزار و 500 ئاسەواری مێژوویی، کانیاوەکانی ئاوی گەرم و دەیان شوێنی دیکەی گەشتیاری و سرووشتییە کە لە درێژەدا تەنیا ئاماژە بە بەشێکی زۆر کەم لەوان دەدرێت.
شاخی قەڵاقیرانی ئیلام:
یەکێک لە باشترین ناوچە کوێستانییەکانی وڵاتی ئێرانە و لە 3 کیلۆمەتری باکوری شاری ئیلامە، دەوترێت کە دیزاینی تاوەری ئازادی لە شاری تاران لەم شاخەوە گیراوە.
دارستانەکانی شەشداری ئیلام:
ئەم شوێنە گەشتیارییە سرووشتییە لە 5 کیلۆمەتری شاری ئیلام و لە نزیک شاخی قەڵاقیران لە سەر ڕێگای ئیلام بۆ کرماشانە.
سرووشتی گوندی بانقەڵانی ئیلام:
بانقەڵان یەکێک لە گوندە جوانەکانی ناحیەی ناوەندیی ئیلامە کە لە سەر قەڵای مێژوویی توت بونیاد نراوە.
تاڤگەی گەچانی ئیلام:
لە 15 کیلۆمەتری ڕێگای ئیلام بەرەو سەرابڵە، تاڤگەی زۆر جوانی گەچان لە دڵی شاخ و چیاکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
ناوچەی گەشتیاری گوڵ هەناری ئیلام:
لە داوێنی چیای هەنار لە باکوری شاری ئیلام، سێ تەختە بەرد بە شێوازی سرووشتی کەوتوونەتە سەر یەک کە هەندێک لەو بڕوایەدان حوشترەکەی حەزرەتی ساڵح بووە و ئەمڕۆ بووەتە شوێنێکی زیارەتی کە بڕوایان بەوە هەیە شیفای نەخۆشەکان دەدات.
دەریاچەی بەنداوی ئیلام:
لە 20 کیلۆمەتری باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری ئیلام و لە نزیک ڕێگای کۆنی ئیلام بەرەو دەڕەشار، بەنداوێکی جوان بە ناوی ئیلامەوە لە گەڵ دیمەنە کەم وێنە سرووشتییەکانی دەبینرێت.
بەردەنووسی تەختی خان:
بەردەنووسی تەختی خان یادگارێکی مێژوویی سەردەمی قاجاڕەکانە و لە گوندی بانڕوشانی سەر بە ناحیەی ساڵح ئاوای شاری ئیلامە.
تافگەی سەرتافی ئیلام:
ئەم تاڤگە جوانە لە 5 کیلۆمەتری باشوری شاری ئیلام و ڕۆژهەڵاتی گوندی شەهید کیشوەرییە.
قەڵای والی ئیلام:
بینایەکی کۆنی سەردەمی قاجاڕەکانە کە لە شاری ئیلام لە سەر گردی چوغامیرگ لە شەقامی پاسدارانە.
کۆشکی فەلاحەتی ئیلام:
ئەم کۆشکەش یادگارێکی سەردەمی قاجاڕەکانە.
گردی کەروێشکانی ئیلام:
گردی کەروێشکان کردێکی بچووک و سەرسەوز و بە دارە بەرزەکانەوە ناسراوە کە لە کۆنەوە شوێنێکی گەشتیاری ناو شاری ئیلام بووە و بە هۆی کەروێشکی زۆرەوە بەم ناوە ناسراوە.
قەڵای ئیسماعیل خان:
ئەم قەڵایەش لە سەر بەرزاییەکانی عەمبار ئاو لە باکوری شاری ئیلام و لە نزیک شاخی مانشت درووست کراوە./.