بەدەر لەوەی کە میدیاکان تێڕوانینیان لە سەر ئەو هێرشە چۆنە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە هێرشەکەی سەر ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی پێگەی جوگرافییەوە هێندە گرنگیی هەیە کە وتەبێژی سوپای ئەو ڕژێمە ئەرکی ئەوەی خرایە سەر کە دوو خاڵ بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە. یەکەم ئەوەی کە هێرشەکە و هەڵدانی مووشەک بۆ شوێنێکی نزیک دیمۆنا بە ئەنقەست نەبووە و دووەم ئەوەی کە لەو هێرشەدا دیمۆنا و دامەزراوە ناوەکییەکانی ئیسرائیل ئامانج نەبووە. ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە بۆ ئیسرائیل تەنانەت بیرکردنەوە لە هێرشی سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی وەک گورزێکی کوشندەیە.
سەرەڕای پڕوپاگەندەی ڕژێمی زایۆنیستی، شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە هێندە نزیکی وێستگەی دیمۆنا بووە کە زەنگی ئاگادارکردنەوەی ئەو وێستگەیە لێدرا. ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو ڕژێمە کە بەردەوام لە بەرامبەر مووشەکەکانی گرووپەکانی خۆڕاگری بە لاوازی دەرکەوتووە، ئەمجارەش بۆ پاراستنی وێستگە و دامەزراوە هەستیارەکانیش هیچی پێنەکرا و نۆرەی ئەو دامەزراوانە گەیشتووە و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێی هێرشی سەر ئەو دامەزراوانە دەمێنێتەوە.
ئیسرائیل کە پێشتر ڕایدەگەیاند مووشەکەکانی خۆڕاگری فەڵەستین ناگەنە ناوچەی نەقب و دامەزراوە ناوەکییەکەی دیمۆنا، بەم هێرشە گەیشتە ئەو ڕاستییەی کە سنورەکانی لە هەر سێ لای فەڵەستین، سوریا و لوبنانەوە بە توندی هەڕەشەیان لە سەرە و مووشەکەکانی خۆڕاگری لە هەر کات و ساتێکدا کە بیانەوێت دەتوانن ڕژێمی زایۆنیستی بکەنە ئامانج.
بەم هێرشەی سەر دیمۆنا خاڵێکی دیکە بۆ ئیسرائیل ڕوون بووەتەوە کە سەردەمی هێرشی بێ وەڵام لە سوریا بە کۆتایی گەیشتووە. سوریا ئەوەی پیشاندا کە دەتوانێت بە ئاسانی هەستیارترین ناوچەی ڕژێمی زایۆنیستی بە مووشەکێکی مامناوەندیش بکاتە ئامانج تا ئەوەی کە بگاتە بەکارهێنانی مووشەکی پێشکەوتوو.
شارەزایان دەڵێن کە هێرشەکەی سەر دیمۆنا تەنیا پەیامێکی هۆشداری بووە و پیشاندەری ئەوەیە کە توانای ڕووخاندنی وێستگە ناوەکییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئارادایە./.