بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژنڕاڵ مەک کێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانی بە هێزی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئێراندا نا.
ناوبراو لە میانەی ڕاپۆرتێکی نووسراوی بۆ لێژنەی هێزە چەکدارەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، وتی: کەڵک وەرگرتنی بەربڵاوی ئێران لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە قەبارەی بچووک و مامناوەند بۆ ناسینەوە و هێرش، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێمە بۆ یەکەم جار لە پاش شەڕی کۆریا، بە بێ باڵادەستی ئاسمانی پرۆسە سەربازییەکانمان جێبەجێ بکەین.
ناوبراو سەبارەت بە هێزی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئێران هۆشدارییدا و وتی: تا ئەو کاتەی کە نەتوانین تۆڕێکی ناسینەوە و شکستدانی سیستەمە ئاسمانییە بێ فڕۆکەوانەکان لە ناوچەکە جێگیر بکەین، ئەم باڵادەستییە بۆ ئەوان دەبێت.
ژنڕاڵ مەک کێنزی ئێرانی بە هەڕەشەیەکی ڕۆژانە بۆ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا ناو برد و وتی کە باڵادەستی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو پاشەکشە دەڕوات./.