ئەحمەد وەرتێ سەرۆکی سەنتەری ئایندە بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە پرسی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان وتی: ئەمریکا بە پاساوی هاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش هێزەکانی هێناوەتە ئەم وڵاتە بەڵام لە ڕاستیدا پاراستنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن و هاوپەیمانەکانی و پاراستنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە بەشێک لە پاڵنەر و هۆکارەکانی بوونی هێزی سەربازی ئەمریکا لە عێراق دادەنرێت.
ناوبراو وتی: دەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵێکی دیکە بدەین وەک پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکان، پاراستنی ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی، دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ بنکەی سەربازی ئینجەرلیکی تورکیا بە پێی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و واشنتن و هەروەها چاودێریکردنی وڵاتانی وەک سوریا، ئێران و تەنانەت تورکیاش.
سەرۆکی سەنتەری ئایندە بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئەگەری مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان وتی کە هەولێر و واشنتن بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و درووستکردنی بنکەی سەربازی ڕێکەوتنیان کردووە.
ئەحمەد وەرتێ وتی: ئەمریکا تا سەر دۆستی هیچ وڵاتێک نییە و ئەگەر بەرژەوەندیی نەمێنێت دەستبەرداری کوردیش دەبێت، لەو کاتەدا هەرێم کە سەربەخۆ نییە و بەشێکە لە عێراق، ڕەنگە تووشی کێشە ببێت، لە بەر ئەوەی کە لایەنە شێعەکانی عێراق دژی مانەوەی ئەمریکییەکانن.
ئەم ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە کۆتاییدا وتی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی بەغدا نییە و هەوڵ دەدەن بۆ پاراستنیان لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەک پشت بە ئەمریکییەکان ببەستن.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد