بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕێگای تەلەفوونەوە لە گەڵ ئەنتۆنیۆ گۆترش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتووێژی کرد.
بەرهەم ساڵح لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا دۆخی عێراق و ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاندووە کە بەرهەم ساڵح و گۆترش گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە و پێویستی جێگیربوونی سەقامگیری و سەوەری یاسایان تاوتوێ کردووە و جەختیان لە سەر گرنگی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دەربازبوون لە قەیرانەکان لە ڕێگای دانوستان و وتووێژەوە کردووەتەوە.
هەروەها لەو وتووێژەدا هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق تاوتوێ کرا و هەر دوو لا چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستەبەرکردنی بەشداری بەرچاوی خەڵکیان لەو هەڵبژاردنانەدا بە پێویست زانی.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی خۆیی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بە تایبەت لە بواری دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کۆرۆنا ڕاگەیاند./.