بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن دانایی فەڕ لە وتووێژێکدا بە ئاماژە بە هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر بنکەی سەربازی ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر، وتی: ئەم هێرشە هاوشێوەی ئەو هێرشانەیە کە لە سەرتاسەری عێراق لە دژی ئەمریکییەکان دەکرێت. خەڵک بە تایبەت گەنجانی عێراقی نایانەوێت هێزی سەربازی ئەمریکا لە وڵاتەکەیاندا بێت. بە پێی بڕیاری پەرلەمانی عێراق، هێزەکانی ئەمریکا دەبێت ئەم وڵاتە بە جێ بێڵن و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکییەکان لە وتووێژەکانیان لە گەڵ بەرپرسانی عێراقی بەڵێن دەدەن و هیچ کات جێبەجێشی ناکەن.
ناوبراو سەبارەت بە لاوازبوونی ئەمریکییەکان لە بەرامبەر گرووپەکانی خۆڕاگری، وتی: ڕەنگە بە لای هەندێکەوە ئەمریکییەکان بەهێز بن بەڵام وا نییە، ئەمریکییەکان پیشانیانداوە کە لاوازن و خاڵی لاوازیان زۆرە و ئیمکانیاتی وەهاشیان نییە کە بیانەوێت پەنا بۆ هەر کردەوەیەک ببەن.
دانایی فەڕ بە ئاماژە بە هێرشە ڕۆکێتییەکانی سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، وتی: ئەم هێرشانە پیشان دەدات کە تەنانەت بە کەرەستە و چەکێکی سادە دەکرێت ئەمریکییەکان بکرێنە ئامانج. ئەمریکا لە ڕێگای بانگەشەی میدیاییەوە وایکردووە کە خەڵک بە هێزێکی شکستنەخواردووی بزانن.
باڵیۆزی پێشووی ئێران سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی ئەمریکاش وتی: پێشتر هەست بەوە دەکرا کە ئەمریکا کۆمەڵگایەکی یەکگرتووە کە خەڵکەکەی بە تەواوی لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ڕازین و هەمووان دەیانەوێت لەو وڵاتەدا ژیان بەسەر بەرن، بەڵام لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا ئەوە بینرا کە چەند بەرەیی لە کۆمەڵگای ئەو وڵاتەدا هەیە، هێرشەکەی سەر کۆنگرێس زۆر شتی ڕوونکردەوە، هەر بۆیە ناتوانین بڵێین کە ئەمریکا لە بواری سیاسی، ئابوری، ئەمنی و سەربازی شکست ناهێنێت، من پێم وایە کە ئەوان خاڵە لاوازەکانی خۆیان بە پڕوپاگەندەی میدیایی شاردووەتەوە.
ناوبراو لە وەڵامی ئەم پرسیارەش کە ئایا مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دۆخی ئەم ناوچەیە ئاڵۆز دەکات؟ وتی: وەک چۆن ئاماژەمدا هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەوێتە چوارچێوەی هەمان دژایەتی کە لە سەر ئاستی عێراق لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور بەرامبەر بەو وڵاتە دەکرێت، وا نییە کە لە ناوچەیەکی عێراق ئەمریکییەکانیان خۆش بوێت و لە ناوچەیەکی دیکە دژی ئەوان بن، عێراقییەکان وەک هێزێکی بێگانە و داگیرکار لە ئەمریکییەکان دەڕوانن و هێزەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق لە لایەن خەڵکەوە دژایەتی دەکرێن.
حەسەن دانایی فەڕ لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر ئەمریکییەکان بیانەوێت هێزە سەربازییەکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان و باکوری عێراق زیاتر بکەن، وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق ڕوبەڕویان دەبنەوە، لە بەر ئەوەی کە خەڵکی عێراق بوونی هێزی بێگانە لە سەر خاکی خۆیان قبووڵ ناکەن و هەر بۆیە هێرشی سەر بنکەی سەربازییەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت./.