بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ئۆیل پرایس، بە دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و 5 هێزە گەورەکەی جیهان لە گەڵ ئەمریکا کە پێشتر ڕێکەوتنی ناوەکییان واژۆ کردووە، نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگەڕێتەوە.
دەستپێکردنی دانوستانەکان پیشاندەری ئەوەیە کە ڕەنگە لە داهاتوودا گۆڕانکارییەک بێتە پێشەوە. تاران و واشنتن ڕەنگە بۆ سەر مێزی دانوستان بگەڕێنەوە، ئەگەر ئەمەش ڕوو بدات و لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی دیسانەوە بگەنەوە ڕێکەوتن، دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران لە وەبەرهێنانی نەوتی ڕێکخراوی ئۆپێک زیاد دەبێت.
ئێران و ئەمریکا ئامادەیی خۆیان بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانیان و گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی پیشان داوە و خاڵی ناکۆکیان ئەوەیە کە هەر لایەنێک داوای ئەوە دەکات لایەنی بەرامبەر یەکەم هەنگاو هەڵبگرێت. ئێران داوایکردووە کە ئەمریکا سەرەتا گەمارۆکان هەڵبگرێت و ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە ئێران دەبێت واز لە پیتاندنی یورانیۆم لە دەرەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی بێنێت.
ئەگەر دانوستانەکان سەرکەوتوو بێت، ڕەنگە ئۆپێک تووشی کێشە ببێت، ئێران لە ئێستادا زیاتر لە ئامارە فەرمییەکان نەوت هەناردە دەکات کە زۆربەشی بۆ وڵاتی چینە، ئەم ڕێژەیە بە هەڵگرتنی گەمارۆکان ئاشکرا دەبێت و ڕەنگە ببێتە کێشەش بۆ هەناردەکارانی نەوتی ئەمریکا، لە بەر ئەوەی کە نەوتی ئێران بۆ هیندستانیش هەناردە دەکرێت و ڕەنگە شوێنی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بگرێتەوە.
هیندستان لە پاش سزاکانی ئەمریکا هاوردەی نەوتی ئێرانی ڕاگرتووە و لە ئەمریکا نەوت هاوردە دەکات./.