بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە وەرزی بەهاردا ناوچە کوردییەکانی ئێران و بە گشتی هەرێمی ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە دەبنە ئامانجی سەردانی گەشتیارانی ناوخۆیی و تەنانەت بیانی. ئەڵبەت دۆخەکە ئێستا بە هۆی کۆرۆناوە گۆڕاوە.
گوندی پاڵنگان لە قەزای کامێران لە پارێزگای کوردستان بە ماسولەی کوردستان ناسراوە، گوندێک کە لە هەر وەرزێکی ساڵدا سەردانی بکرێت تایبەتمەندی خۆیی هەیە بەڵام لە وەرزی بەهاردا جوانییەکی ڕادەبەدەری هەیە.
کە دەگەیتە پاڵنگان، ڕێگایەک دەبیتە هاوڕێی ڕووبار و شنەی بەهاری و دەنگی سیاچەمانە کە گەشتیاران بەرەو خۆی ڕادەکێشێت و حەزی ئەوان بۆ دیتنی گوندەکە و جوانییەکان چەندین هێندە زیاتر دەکات.
لە پاڵنگان شێوازێکی تایبەتی بیناسازی پەیرەو کراوە، خانووەکان زیاتر بە بەرد درووست کراون، ڕووبارێک بە ناو پاڵنگاندا تێپەڕ دەبێت کە ئەم گوندەی کردووە بە دوو بەشەوە و خەڵکی گوندەکە لە ڕێگای پردە باریکەیەکەوە هاتووچۆی یەکتر دەکەن.
کۆڵانە جوانەکانی پاڵنگان، میوانداری خەڵکەکەی، هاژەی ئاوی ڕووبارەکە، تێکۆشانی خەڵکە ماندوونەناسەکەی، ژنان و پیاوان، هەموو ئەمانە لە ڕیزی تایبەتمەندییەکانی پاڵنگانە کە دەتوانین بڵێین لە هەر گوندێکی دیکەی جیا کردووەتەوە.
ماسی برژاو ڕەنگە دیارترین بەرهەمی گوندەکە بێت کە هەر گەشتیارێک تا چێژی لێ وەرنەگرێت واز لە سەردانەکەی بۆ پاڵنگان ناهێنێت.
لە پاڵنگان تا چاو دەیبینێت ڕەسەنایەتی و ساکارییە، لێرەدا ئەو بیناسازییە نابینرێت کە لە شارەکان و ناوچەکانی دیکەدا هەیە، سەرەڕای چەندین جار نۆژەنکردنەوەی خانووەکانی خەڵک، بەڵام هێشتا ئەو دیمەنە کۆن و مێژووییەی پێوە دەبینرێت، پێداویستییەکانی بیناسازیش هەر ئەوەیە کە لە سرووشتی ناوچەکەدا هەیە.
پاش دیتنی پاڵنگان و خواردنی ماسییە برژاوەکەی، زیارەتی حەزرەتی عەکاشە لە گوندی کاشتەر لە قەزای کامێران ئامانجێکی دیکەی گەشتیارانە کە بێگومان تەواوکەری گەشت و زیارەتەکەی ئەوان بۆ ئەم ناوچە جوانە دەبێت./.