بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خەلیفە بن زاید ئالی نهیان سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ڕۆژی نیشتمانی سوریای لە بەشار ئەسەد کردووە.
هەروەها محەممەد بن ڕاشد ئالی مەکتوم جێگری سەرۆکی ئیمارات و دەسەڵاتداری دۆبەی و محەممەد بن زاید ئالی نهیان جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە پیرۆزباییان لە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کردووە.
17 ی مانگی نیسان، حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی سەربەخۆیی سوریا و دەرکردنی هێزەکانی فەرەنسایە.
پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و سوریا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ڕووی لە باشتربوون کردووە و ئەبوزەبی چەندین ئامانج پەیرەو دەکات: بەشداری لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سوریا، هاوکاریکردنی سوریا بە ئامانجی لێدانی تورکیا بە تایبەت ئەوەی کە ئەنکەرە چەند ناوچەیەکی سوریای داگیر کردووە، باشترکردنی پێگەی ئیمارات بە تایبەت ئەوەی کە لە شەڕی یەمەندا بە لاوازی دەرکەوتووە و وەک وڵاتێکی داگیرکار و دژ بە مافەکانی مرۆڤ دەناسرێت./.