بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاردانەوەکانی پاش پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ی عێراق زیاتر بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو، لایەنە کوردییەکان پێشوازییان لەم پرۆژەیاسایە کردووە و بە هەنگاوێکی درووست بە ئاراستەیەکی درووست ناویان بردووە. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی لە گەڵ چەند سەرکردەیەکی عێراقی بە تایبەت هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح سوپاسی پەسەندکردنی یاسای بودجەی کرد.
لە لایەکی دیکەوە دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە کە هاوپەیمانی فەتح وەک باڵی سیاسی حەشدی شەعبی و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی بە هۆی جێگیرکردنی بڕگەیەک بۆ گەڕانەوەی مووچەی 30 هەزار ئەندامی حەشدی شەعبی کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، دەنگیان بە پرۆژەیاسای بودجە داوە، بابەتێک کە لایەنەکانی بەرامبەری هاوپەیمانی فەتح بە هەوڵێک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ناویان بردووە.
ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هاوپەیمانی فەتح پاش پەسەندکردنی یاسای بودجە مزگێنی گەڕانەوەی ئەو هێزانەی دا و وتی کە بە پێی یاساکە بودجەی پێویست بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە لە ساڵی 2019 گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، دابین دەکرێت و ئەمەش سەرجەم هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە و تەنیا بۆ حەشدی شەعبی نییە.
بەڵام هەیسەم جبوری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە هیچ بودجەیەک بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی نییە.
ناوبراو هەندێک ئامار و داتای خستەڕوو و وتی کە هیچ بڕە پارەیەک بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانە لە بودجەی ساڵی 2021 لە بەرچاو نەگیراوە.
هاوکات دەنگۆی ئەوەش بڵاوکرایەوە کە پەسەندکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە ئەنجامی ڕێکەوتنێکی سەدر و بارزانی بووە و بە پێی ئەو ڕێکەوتنەش لە پاش هەڵبژاردنی پێشوەختە پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ ڕەوتی سەدر و سەرۆکایەتی کۆماریش بۆ پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەبێت نەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لە لایەکی دیکەوە، ڕیاز مەسعودی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە گرنگییەوە باسی یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی کرد و وتی کە حکومەت، لێژنەی دارایی پەرلەمان، لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانی عێراق ڕۆڵی تەواویان لە یاسای بودجەدا هەبووە.
ناوبراو کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی لە 164 هەزار ملیار دینار بۆ 129 هەزار ملیار دینار بە خاڵێکی گرنگی بودجەی ئەمساڵ ناو برد و وتی کە لە بودجەی ساڵی 2021 ی عێراق پارەی پێویست بۆ هاوکاریکردنی خەڵک و 20 پرۆژەی ستراتیژی دیاری کراوە./.