بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ماڵپەڕی خۆیدا چەندین وێنەی مانۆڕێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەو وڵاتە و هێزەکانی هەسەدەی لە سوریا بڵاو کردووەتەوە.
لە وێنەکاندا دەرکەوتووە کە هێزی ئاسمانی ئەمریکا بە ئامادەبوونی کۆپتەری شەڕکەری ئاپاچی و لە کاتێکدا کە چەکی ڕاستەقینە بەکار هاتووە، مەشق و ڕاهێنانیان بە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات کردووە.
بڵاوکردنەوەی وێنەکان لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بووەتە جێی سرنجی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئاژانسی سپۆتنیک پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا خولی سەربازیی بۆ هێزەکانی هەسەدە کردووەتەوە و بڕە پارەیەکیشی وەک مووچە بەوان داوە و پاش کۆتایی خولەکە بە فەرمی دەبنە هێزی شەڕکەری ئەمریکا لە سوریا.
بە پێی ڕاپۆرتی سپۆتنیک، پرۆسەی ناونووسینی هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی شەدادی لە باشوری حەسەکە دەستیپێکردووە و هەر ئەندامێکی هەسەدە کە بەشداری لە خولەکەی ئەمریکادا دەکات، مانگانە 350 دۆلار وەردەگرێت./.