بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ئەوەی کە هەندێک میدیای نەیاری حیزبووڵا هەواڵی دژایەتی ڕووسیایان بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەو بزوتنەوەیە لە سوریا بڵاو کردەوە، ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنان ئەمڕۆ سێ شەممە ڕایگەیاند کە بە پێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندەیە، ڕووسیا جەختی لە سەر مانەوەی هێزەکانی حیزبووڵا کردووەتەوە.
محەممەد ڕەعد ئەندامی ئەنجومەنی بڕیاردەری حیزبووڵا و سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو بزوتنەوەیە لە پەرلەمانی لوبنان مانگی ڕابردوو بە یاوەری شاندێک بۆ وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانی ڕووسیا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی ئەخبار، بەرپرسانی ڕووسیا ڕۆڵی سەربازی و کاریگەری هێزەکانی حیزبووڵایان لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە سوریا بەرز نرخاندووە.
ئەخبار ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ڕووسیا لەو بڕوایەدان کە بوونی حیزبووڵا لە سوریا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بە پێویست دادەنرێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرپرسانی ڕووسیا ئەو پەیامەیان بە سەرکردایەتی حیزبووڵا گەیاندووە کە بوونی سیاسی و سەربازی بزوتنەوەکە لە سوریا پێویستە و مۆسکۆ لە داهاتووشدا درێژە بە هاوکارییەکانی لەم دوو بوارەدا دەدات./.