بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەبولفەزل عەمویی لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی مەسیرەی یەمەن سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی، وتی: ئەمریکا بەرپرسی کێشەکانی ئێستای ڕێکەوتنی ناوەکییە و ساڵی 2018 تاکلایانە لەو ڕێکەوتنە کشاوەتەوە و بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پێشێلکردووە.
ناوبراو وتی: ئەمریکا هەروەها ڕێگریی لەوەش کرد کە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ڕێکەوتنی ناوەکی پابەندی بەڵێنەکانیان بن و ئێرانی لە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ڕێکەوتنەکە بێبەش کرد.
عەمویی وتی: ئێران بە پێی بڕگەکانی 26 و 36 ی ڕێکەوتنی ناوەکی بەڵێنەکانی ڕاگرتووە و بەرپرسیاریەتی کێشەکانی ئێستای ئەو ڕێکەوتنە لە ئەستۆی ئەمریکایە کە تاکلایانە لێی کشاوەتەوە.
وتیشی کە بە پێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی ئەو وڵاتە لە دژی ئێران شکستی هێناوە.
وتەبێژی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لە کۆتاییدا وتی: ئەمریکا دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی سەرجەم گەمارۆکانی دژ بە ئێران هەڵبگرێت و هەر سیاسەتێکی قۆناغ بە قۆناغ لەم ڕێکەوتنەدا ڕەتدەکەینەوە./.