جەمال کۆچەر ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان، وتی: بابەتی ڕێژە لەم بودجەیەدا بە پێی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و بە پێی نامەیەکی ساڵی 2018 ی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەو ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە 12.67 زیاترە و 13.9 دەبێت و هەروەها بە پێی ئامارەکانی وەزارەت بازرگانیش ئەو ڕێژەیە تا 14 بەرز دەبێتەوە کە ئەمە دەسکەوتی یەکەمە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: بۆ یەکەم جارە کە باسی گاز دەکرێت، هەورەها باسی تێچووی کۆمپانیاکان، گواستنەوەی نەوت و بەکارهێنانی ناوخۆ و پترۆدۆلار کە لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی کوردستان بابەتێکی زۆر گرنگە.
جەمال کۆچەر سەبارەت بە دەسکەوتی سێهەمی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی عێراق وتی: شەرعییەتدان بە فرۆشتنی نەوت لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرنگترین دەسکەوتە. لە یاسای بودجەدا هاتووە کە هەرێم داهاتی فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەست بکات، ئەمەش ماناکەی ئەوەیە کە هەرێم خۆی دەتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت و پارەکەی بەو ڕێژەیە کە دیاری کراوە بە بەغدا بدرێت.
ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق هەروەها وتی: ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2011 یە و 682 هەزار و 21 کەسە کە دە ساڵە ئەو ژمارەیە نوێبوونەوەی تێدا نەکراوە، بڕیارە بۆ بودجەی ساڵی 2022 ژمارەی فەرمانبەرانی سەربازی و مەدەنی هەرێمی کوردستان ئامادە بکرێت و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە.
ناوبراو سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 لە لایەن هەر دوو حکومەتی هەرێم و ناوەندەوە، وتی: پێم وایە کە هەرێمی کوردستان لە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو وانەیەکی قورسی وەرگرتووە، یەکەم بە هۆی قەیرانی دارایی کە ئەگەر ڕێکەوتنی لە گەڵ بەغدا دەبوو، کاریگەرییەکانی قەیرانەکە وا نەدەبوو کە بینرا و دووەم بە هۆی سکاڵاکەی تورکیاوە کە دەبێت حکومەتی هەرێم بیر لە چارەسەر بکاتەوە. هەرێم دوو بژاردەی کەوتە بەردەم، ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت یان ڕادەستکردنی داهاتی ئەو 250 هەزار بەرمیلە کە حکومەتی هەرێم بژاردەی دووەمی هەڵبژارد و بە بۆچوونی من بە هۆی سکاڵاکەی عێراق لە تورکیا لە دادگایەکی فەرەنسا ناچار بە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بودجە تا یەکلاییکردنی ئەو بابەتە دەبێت.
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی کە دەتوانین بڵێین ڕێکەوتنەکە جێی دڵخۆشی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەبێت، لە بەر ئەوەی کە داهاتێکی هەرێم هەیە و لە بەغداشەوە بڕە پارەیەک دەگات و تەنانەت ئەگەر کێشەیەک لە بازاڕی جیهانی نەوتیشدا هەبێت ئەوا حکومەتی ناوەند یارمەتیدەر دەبێت، ئەڵبەت ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێنەکانی بێت، لە بەر ئەوەی کە ئەوەی ڕادەستی دەکات کەمترە لەوەی کە وەریدەگرێت.
جەمال کۆچەر لە کۆتاییدا بە ئاماژە بە گرنگی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق، وتی: لە ئێستادا بەزاندنی سنور لە سەر ئاستی جیهان بووەتە دیاردەیەکی باو. بۆ نموونە، سعوودیە لە یەمەن، ڕووسیا لە ئۆکرانیا، تورکیا لە سوریا، ئازەربایجان لە ئەرمینیا. بەزاندنی سنوری هەرێمی کوردستانیش شتێکی دوور نییە، هەر بۆیە ئەگەر بەشێک لە وڵاتی عێراق بیت ئەوا حکومەتی بەغدا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دۆسەیەکە دەجوڵێنێت و هەرێم پارێزراوتر دەبێت.
وتووێژ: هاودەنگ حەمەوغان