بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی سوریا لەو نامەیەدا دژایەتی کۆنفرانسی برۆکسێلی کردووە کە لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە بۆ پاڵپشتی دارایی سوریا بەڕێوەچووە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا جەختیکردووەتەوە کە بەشداری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو کۆنفرانسە بە بێ ئامادەبوونی شاندی حکومەتی دیمەشق بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دادەنرێت کە گرنگی بە ڕێزگرتن لە سەروەری، دەسەڵات و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتان دەدەن.
لەو نامەیەدا هاتووە کە سەپاندنی سزا تاکلایانەکانی یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا و درێژکردنەوەیان سەرەڕای کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر ژیانی خەڵک لەم سەردەمەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە پیشاندەری سیاسەتی دووفاقییە بەرامبەر بە دۆخی مرۆڤی لە قەیرانی سوریا./.