بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێنجەمین کۆنفرانسی برۆکسێل بە ناونیشانی “پاڵپشتی لە داهاتووی سوریا و ناوچەکە” بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوەچوو و غوڵام حوسێن دهقان باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە برۆکسێل لەو کۆنفرانسەدا وتارێکی پێشکەش کرد.
باڵیۆزی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە قەیرانی سوریا دەیەم ساڵی خۆیی تێپەڕ کردووە، وتی: ئەمەش پیشاندەری ڕاستییەکی تاڵە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هیچ ئیرادەیەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ڕێزگرتن لە سەروەری و دەسەڵات و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە نییە.
دهقانی پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ڕووی سیاسییەوە بۆ سوریا وەبیرهێنایەوە و وتی: ئێران بە هاوکاری ڕووسیا و تورکیا لە ڕێگای دانوستانەکانی ئاستانە بەردەوام هەوڵی گەیشتنی بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەم قەیرانە داوە.
ناوبراو وتی: لێژنەی داڕشتنەوەی دەستووری سوریاش بۆ وتووێژی لایەنەکانی ئەم وڵاتە پێکهێنراوە و ئێرانیش بەردەوام پاڵپشتی لێکردووە.
باڵیۆزی ئێران لە برۆکسێل وتی: بە تێپەڕبوونی قەیرانی سوریا لە قۆناغی سەربازییەوە بۆ قەیرانی سیاسی، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیاریەتی ئاسانکاریی لەم گواستنەوەدا لە ئەستۆیە و لەم قۆناغە هەستیارەدا دەبێت بیر لە بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەش بکرێتەوە.
وتیشی کە نابێت ژمارەیەک لە وڵاتان پرسی ئاوەدانکردنەوەی سوریا و گەڕانەوەی ئاوارەکان وەک ئامرازی وەرگرتنی ئیمتیازی سیاسی بەکار بێنن.
باڵیۆزی ئێران وتی کە سوریا لە یەک کاتدا ڕوبەڕوی دوو قەیرانی شەڕ و کۆرۆنا بووەتەوە و ئەم هەلومەرجەش وا دەکات کە گرنگییەکی زیاتر بە هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە بدرێت./.