بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی کە ڕێکەوتنەکەی بەغدا و پەکین کە ساڵی ڕابردوو جێبەجێ نەکرا، پاش پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ناوبراو وتی: ئەم ڕێکەوتنە 20 ساڵەیە و لە 23 ی ئەیلولی 2020 و لە سەردەمی سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی واژۆ کرا و پاش تێپەڕبوونی مانگێک لە 18 ی ئۆکتۆبەر خرایە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام قەیرانی دارایی بووە هۆی دواکەوتنی ئەو پرۆسەیە.
بە وتەی ئەو ڕاوێژکارەی مستەفا کازمی، قەیرانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ڕاگرتنی ئەو ڕێکەوتنە بووە.
وتیشی کە لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021، بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە هاوبەشەکەی عێراق و چین لە بەرچاو گیراوە و دوو ملیاری دیکەش وەک قەرز لێی زیاد دەکرێت.
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی کە چین دووەم هاوبەشی بازرگانی عێراقە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا بە هەناردەی ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئەو وڵاتە، پارەی سندۆقە هاوبەشەکە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان زیاتر ببێت./.