بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نوێنەرایەتی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئەگەری هەر پێشنیارێکی ئەمریکا لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لەو پەیامەدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە ئێران لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی ئەم ڕێکەوتنە لە پەیوەندیدایە، بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا هیچ پێویست بە پێشنیار ناکات و ئەم گەڕانەوە تەنیا پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە، ئەویش جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و پابەندبوونە بە بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
شەوی دووشەممە گۆڤاری پۆلیتیکۆ ئەگەری پێشنیارێکی ئەمریکای سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران خستەڕوو. گۆڤارەکە لە سەر زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی ڕایگەیاند کە واشنتن لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشنیارێک لە سەر زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە دەخاتەڕوو.
ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە پێشنیارەکە ئەوەیە کە ئێران واز لە هەندێک چالاکی خۆی وەک پیتاندنی لە سەدا 20 ی یورانیۆم بێنێت و لە بەرامبەردا بەشێک لە گەمارۆ و سزا ئابورییەکانی سەر ئەم وڵاتە هەڵدەگیرێن.
لە بەرامبەر ئەمەش بەرپرسێکی ئێرانی بە کەناڵی پرێس تیڤی ڕاگەیاند کە ڕاگرتنی پیتاندنی لە سەدا 20 ی یورانیۆم بەندە بە هەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە./.