بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕوحولئەمین سەعیدی مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆکانی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە هۆی شڵەژانی میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم ڕێکەوتنەی نێوان تاران و پەکین چییە؟ وتی: ئەمریکییەکان مافی خۆیانە کە هەست بە نیگەرانی بکەن لە بەر ئەوەی کە هەم ئێران و هەم چین لە دوژمنانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان لە دوو ئاستی جیاجیا. چین ڕکابەر و دوژمنی ئەمریکایە لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانی و سەرجەم شرۆڤەکارانی نێودەوڵەتی لەو بڕوایەدان کە تەنیا وڵاتێک کە لە ئێستا و داهاتوودا دەتوانێت ڕکابەری ئەمریکا بکات، چینە و بۆ پێگەی نێودەوڵەتی ئەم وڵاتە دەبێتە کێشەیەکی گەورە.
ناوبراو وتی: ماوەیەکی زۆرە کە چین بووەتە هێزێکی گەورەی جیهانی، ئەگەرچی ئێستا زیاتر لە بواری ئابوریدایە بەڵام لە ساڵانی داهاتوو ئەم ململانێ دەچێتە بواری سەربازییەوە. جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکاش بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە چین ڕکابەر و دوژمنی ئەو وڵاتەیە، سیاسەتی ئەمریکا لە سەردەمی ئۆباما تا ئێستا لە چوارچێوەی گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی چینە، هەر بۆیە ئەمریکا لە جموجوڵەکانی چین لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان هەست بە نیگەرانی دەکات. لە سەردەمی دوناڵد ترەمپ ئەمریکا بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی چینی دا و ئێستا بایدن هەمان سیاسەت پەیرەو دەکات.
ئەم مامۆستایەی زانکۆ لە درێژەدا وتی: ئاشکرایە کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ڕکابەر یان دوژمنی سەرەکی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئەگەرچی ئێران ناتوانێت لە ئاستی جیهانیدا ململانێی ئەمریکا بکات بەڵام لە ناوچەکەدا دوژمنی سەرەکی ئەو وڵاتەتە، ناوچەیەک کە بەرژەوەندی ستراتیژی ئەمریکای تێدایە. لەو کاتەشەوە کە ئەمریکییەکان بەو ڕاستییە گەیشتن کە لە ڕووی سەربازییەوە ناتوانن هەنگاوێک لە دژی ئێران هەڵبگرن یان هەنگاوەکان بەرەو ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی ئەم وڵاتە وەڵامی نابێت، سەرجەم هەوڵەکانیان لە دژی کەرتی ئابوری ئێران گرتووەتەبەر.
سەعیدی وتی: ئێستا دوژمنێکی جیهانی و دوژمنێکی ناوچەیی لە دژی ئەمریکا ڕێکەوتنێکی گرنگیان بە تایبەت لە بواری ئابوریدا کردووە. ئەمەش دەتوانێت نیگەرانییەکانی واشنتن زیاتر بکات، بە تایبەت ئەوەی کە ڕێکەوتنەکە دەتوانێت لە کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران کەم بکاتەوە، ئەم ڕێکەوتنە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە کەرتی ئابوری ئێراندا بخوڵقێنێت. هەر بۆیە ئەمریکا و میدیاکانی سەر بەم وڵاتە لە ئاستی جیهانی گوشارەکانیان چڕ کردووەتەوە کە ڕێکەوتنەکە ڕوبەڕوی پرسیار بکەنەوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئەوەی کە بڵاو بووەتەوە، ڕێکەوتنەکە زیاتر ڕەهەندی ئابوریی هەیە و هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکانی ئابوریدا لە خۆ دەگرێت. یەکێک لە باشترین دەسکەوتەکانی ئەم ڕێکەوتنە بۆ ئێران وەبەرهێنانە، ئێستا ئێران پێویستی بە وەبەرهێنانی دەرەکی هەیە، لە ساڵانی ڕابردوو وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە لە کەرتی ئابوری ئێراندا وەبەرهێنانیان نەکردووە و پێویست بە سەرچاوەی نوێ دەکات./.