بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدوڵڵا شایجی لە وتووێژی لە گەڵ بەرنامەی ماوراء الخبر لە کەناڵی جزیرە، پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی ئێران و چینی بە مێژوویی ناو برد.
ناوبراو وتی: ئێران و چین پەیوەندییەکی ئاڵۆزیان لە گەڵ ئەمریکا هەیە و تاران لە ئێستادا سەرقاڵی ململانێیەکی زۆرە لە گەڵ واشنتن لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی کوێت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکاش وتی کە لە یەکەم کۆبوونەوەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە دوژمنایەتییەکان بە ڕوونی خۆیان پیشاندا.
شایجی پێی وایە کە چین بە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ستراتیژی پەیامێکی ڕوونی بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی نارد سەبارەت بەوەی کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمریکا بە شوێنی دەستڕۆیشتوویی خۆیی دەزانێت، ئەو ڕێکەوتنە گرنگە واژۆ کراوە.
ناوبراو وتی کە ئێران دەتوانێت بە پێی ئەم ڕێکەوتنە لە ڕێگای ئاورێشمی نوێی چین زیاترین کەڵک وەربگرێت./.