بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد موحی وتەبێژی کەتائیبی حیزبووڵای عێراق لە وتووێژی لە گەڵ بەشی عەرەبی ئاژانسی فارس، وێڕای ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئێستای حکومەتی بەغدا وتی کە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە عێراق بە هەڵە بڵاو دەکرێتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و سعوودیە بە تایبەت لە سەردەمی سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، وتی: حکومەتی ئێستای عێراق بە پێی پلانی ئامادەکراوی ئەمریکا هەنگاو دەنێت و بەرژەوەندییەکانی عێراق لە بەرچاو ناگرێت، هەر بۆیە کردنەوەی دەرگاکان بە ڕووی سعوودیە بە بێ لێپرسینەوەی ئەو هەموو تاوانەی کە لە دژی گەلی عێراق کردوویانە، بە تێڕوانینی ئێمە هەڵەیە و ڕەتدەکرێتەوە.
ئەو بەرپرسەی کەتائیبی حیزبووڵا وتی: کردنەوەی دەرگاکانی عێراق بۆ زیاتربوونی دەستڕۆیشتوویی سعوودییەکان هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەم وڵاتەیە و بە پێی ئەوەی کە سعوودیە لە لایەنگرانی گرووپە تەکفیری و تیرۆریستییەکانە، بە تەواوی لە بەرەی ئەمریکی – زایۆنیستییە و ئەو بەرەیەش بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ گەلی عێراق و بە تایبەت گرووپەکانی خۆڕاگری ڕاگەیاندووە و لە دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێمە پیلانگێڕی دەکەن.
محەممەد موحی سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمریکا و ناتۆ بۆ بەردەوامی داگیرکردنی خاکی عێراق و ئەوەی کە ئایا لە ئێستادا عێراق پێویستی بە هێزی بیانی هەیە یان نە؟ وتی: عێراق خاوەن دەفرایەتی، ئەزموون و هێزی چەکداری زۆرە کە دەتوانێت ڕوبەڕوی هەر هەڕەشەیەک ببێتەوە. ئێمە پێویستمان بە هێزی بێگانە نییە. پەرلەمان یاسایەکی پەسەند کرد و حکومەتیش دەبێت بە دەرکردنی هێزەکانی بێگانە ئەو یاسایە جێبەجێ بکات، بوونی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ تەنیا بۆ پیلانگێڕییە لە دژی عێراق و بە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی ئێمە هەژمار دەکرێن، ئەوانەش هەوڵ دەدەن ڕەوایەتی بە بوونی ئەو هێزانە ببەخشن، لە ڕاستیدا بەکرێگیراوی ئەمریکییەکانن و خیانەت لە گەڵ و خاکی عێراق دەکەن.
وتەبێژی کەتائیبی حیزبووڵای عێراق لە بەشێکی دیکەی ئەو وتووێژەدا و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە مستەفا کازمی ڕایگەیاندووە لە سەدا 60 ی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق کشاونەتەوە، ئایا ئەم ئامارە ڕاستە، ئەویش لە کاتێکدا دەوترێت ئەمریکا خاوەنی 20 هەزار سەربازە لە عێراق؟ وتی: ئەمریکا سیاسەتی فریودانی وڵاتان پەیرەو دەکات و مێژوویەکی ڕەشی لە تاوانی دژ بە گەلانی دیکە هەیە. ئەوەی کە باس لە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق دەکرێت، دوورە لە ڕاستی و هێزەکانی لە چەندین بنکەی سەربازیدا جێگیر کردوون کە بەرپرسانی عێراق هیچ زانیارییەکیان لە سەر ئەوان نییە. ئەمریکییەکان لە دژی ئێران چالاکی سیخوڕی و دوژمنایەتی دەکەن، سنورەکانی سوریایان کردووە شوێنی چالاکییەکانی خۆیان. ئێمە بڕوامان بە ئەمریکییەکان و حکومەتەکەی مستەفا کازمیش نییە کە لە لایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە ڕێنمایی وەردەگرێت. ئەوەش کە باس لە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکرێت، هەڵەیە./.