بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ساڵی 2016 بوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران و چین بەیاننامەیەکی هاوکاری هاوبەشیان بڵاو کردەوە و بۆ ڕێکەوتنێکی ستراتیژی گشتگیر ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە 27 ی ئاداری ساڵی 2021 ئەو ڕێکەوتنە لە لایەن محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لە شاری تاران واژۆ کرا.
ڕێکەوتنەکە چی لە خۆ دەگرێت و بۆ ئێران چ بەرژەوەندییەکی هەیە؟
بە پێی ڕاگەیاندنی بەرپرسانی تاران و پەکین، ئەم ڕێکەوتنە پێویستە بە ڕێکەوتنی سیاسی، ستراتیژی، ئابوری و ڕۆشنبیری ناو ببرێت کە لە ماوەی 25 ساڵدا ڕێڕەوی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دابین دەکات.
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی ئەم ڕێکەوتنە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە لە بواری ئابوری و بازرگانی. هەر دوو وڵاتی ئێران و چین جەختیان لەوە کردووەتەوە کە خاوەنی دەرفەتێکی زۆری ئابوری و بازرگانین و لە چوارچێوەی ئەم ڕێکەوتنەدا لە بوارەکانی وەک نەوت، کانزاکان، پیشەسازی و وزە هاوکاری دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە لە پێناو کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە تایبەتمەندییە ستراتیژی و ئابورییەکانی ئێران، لەم ڕێکەوتنەدا جەخت لە سەر بەشداری کارای ئێران لە پلانی ڕێگای ئاورێشمی چین کراوەتەوە.
هەر بە پێی ڕێکەوتنەکە، چین کڕیاری هەمیشەیی نەوتی ئێران دەبێت. هەرچەندە کە ئێستاش سەڕەڕای گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا، چین درێژەی بە هاوردەی نەوتی ئێران داوە.
هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری بانکی، دارایی، بیمە و کردنەوەی لقی بانکە ئێرانییەکان و دامەزراندنی بانکی هاوبەشی ئێران و چین، هاوکاریکردنی ئێران بۆ پەرەپێدانی هێڵی ئاسن لە سەرجەم ناوچەکانی وڵات، زیاترکردنی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ چین، وەبەرهێنان بە ئامانجی زیاترکردنی هەناردەی وزەی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەشداری لە پەرەپێدانی کەناراوەکانی موکران، وەبەرهێنانی وزەی خاوێن لە ناوچە بیابانییەکانی ئێران و …. لە بەشەکانی دیکەی ڕێکەوتنەکەی نێوان تاران و پەکینە.
لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە ڕێکەوتنەکەدا دەرفەتی هاوکاری زیاتری کەرتی تایبەتی ئێران و چین لە بەرچاو گیراوە./.