بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین جەختیکردووەتەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مافی گەلانی ناوچەکەیەوە و دەبێت بە هاوبەشی و پێکەوەبوون و گرنگیدان بە مافی سەرجەم لایەنەکان، دەستێوەردانی دەرکیی لێ دوور بکرێتەوە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی کەناڵی عەرەبیەی سعوودیە ڕایگەیاند کە دەبێت شەڕ و ئاڵۆزی و پێکدادانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بخرێتەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ئەم ناوچەیە هەوڵ بدات.
ڕۆژنامەی گەلی چین لە ڕاپۆرتێکدا پرۆژەیەکی 5 خاڵیی ئەو وڵاتەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە کە خاڵی یەکەم، بانگهێشتکردن بۆ ڕێزی بەرامبەرە. هەر بۆیە دەبێت وەک هاوبەشێک لە هاوکاری، گەشە و ئاشتی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵسووکەوت بکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، دەبێت پاڵپشتی لە هەوڵی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتن بە پشت بەستن بە ئیرادەی سەربەخۆی ئەوان بکرێت و بۆ قەیرانەکانی وەک سوریا، یەمەن، لیبیا و قەیرانەکانی دیکە بیر لە ڕێگاچارەی سیاسی بکرێتەوە.
دادپەروەری دووم خاڵی پرۆژەکەی وەزیری دەرەوەی چینە کە زیاتر لە دۆسیەی فەڵەستین و پێشنیاری دوو حکومەتی خۆی دەبینێتەوە، هەر بۆیە چین پاڵپشتی لە نێوەندگێڕی چالاکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ مسۆگەربوونی ئەم ئامانجە دەکات.
بە پێی ئەم پرۆژەیەش، چین ئامادەیە لە خولی سەرۆکایەتی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە مانگی گوڵانی داهاتوو دەبێت، جارێکی دیکە بە پرۆژەی دوو حکومەتی، پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەڵەستیندا بکات.
خاڵی سێهەمی ئەم پرۆژەیە، ڕێگرییە لە پەرەسەندنی چەکی ناوەکی. بە پێی ئەم خاڵەش، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت هەنگاوی کرداری هەڵبگرن و نەخشەڕێگا و خشتەیەکی کاتی بۆ ئێران و ئەمریکا و دەستپێکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی دابنێن.
بە وتەی وەزیری دەرەوەی چین، گرنگترین ڕاسپاردە لە ئێستادا ئەوەیە کە ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆکانی ئێران هەنگاوی کرداری بنێت و ئێرانیش لە بەرامبەردا بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە.
هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە، چوارەم خاڵی پرۆژەکەی چینە. بەم پێیەش دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ڕەچاوکردنی نیگەرانی سەرجەم لایەنەکانە.
چین پێشنیار دەکات کە وتووێژی چەندقۆڵی سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەی کەنداوی فارس لەم وڵاتەدا بەڕێوە بچێت و چەندین بابەتی وەک ئاسایشی بەرهەمە نەوتییەکان، ڕێڕەوە دەریاییەکان، دابینکردنی میکانیزمی متمانەی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکهێنانی سیستەمێکی ئەمنی هاوبەش تاوتوێ بکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گەلی چین، پێنجەم خاڵی ئەو پرۆژەیە، خێراترکردنی ڕەوتی هاوکارییەکانە بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە. مسۆگەربوونی ئەمەش پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی وڵاتانی ناوچەکە هەیە./.