بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماسیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین سەبارەت بە پەیوەندییەکانی واشنتن – بەغدا چوار خاڵی گرنگی خستەڕوو و وتی کە ئامانجە ستراتیژییەکان سەرەڕای گۆڕینی حکومەتەکان لە ئەمریکا وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ناوبراو وتی: ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا تووشی گۆڕانکاری نابێت بەڵام لە بواری جێبەجێکردندا هەر چوار ساڵ یان هەشت ساڵ حکومەتێکی نوێ دەسەڵات دەگرێتە دەست کە پێداچوونە بە سەر پرسەکان و هەڕەشەکان بە تێڕوانینێکی دیکە دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە ڕابردوو گرنگی بە هەندێک لەو هەڕەشانە بدرێت بەڵام گرنگیدانی ئەمریکا بە عێراق بابەتێکی هەمیشەییە و تووشی گۆڕانکاری نابێت.
تۆلەر پاشان ڕایگەیاند کە بەرەنگاربوونەوەی داعش یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ئەمریکایە لە عێراق و سەرەڕای ئەو شکستەی کە بەر داعش کەوتووە، ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و هێزەکانی ئەمریکا لە سەر داوای حکومەتی عێراق لەم وڵاتەدان تا لە پێناو لەناوبردنی تیرۆریستان مەشق و ڕاوێژ بە هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە بکەن.
باڵیۆزی ئەمریکا بە ئاماژە بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێرانیش وتی کە لە ئەگەری دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەر ئەو ڕێکەوتنە، دەبێت پرسی عێراقیش تاوتوێ بکرێت./.