بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، باخی شازادەی ماهان، باخێکی مێژووییە و لە سەردەمی قاجاڕەکان بە فەرمانی محەممەد حەسەن خان دەسەڵاتداری ئەو کاتەی کرمان کراوەتەوە و پاشان لە سەردەمی دەسەڵاتداری دوایی بە ناوی عەبدولحەمید میرزا ناسر دەوڵە لە نێوان ساڵانی 1298 تا 1309 ی کۆچی هەتاوی بینای دیکەی پێ زیاد کراوە.
باخەکە کەوتووەتە نێو بیابانەکانی ئێران لە پارێزگای کرمان و لە دوو کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شاری ماهان سەر بەم پارێزگایەدایە و ساڵانە میوانداری لە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی دەکات.
لە باخی شازادەی ماهان چەندین بەشی وەک ڕێستورانت بە خواردنە ئێرانییەکانەوە کراوەتەوە، میوانخانەی تێدایە و ئەوانەی دەیانەوێت شەو لەوێدا بمێننەوە هیچ کێشەیەکیان نابێت، هەروەها بەشی ئەسپسواری لە نزیک باخەکە کراوەتەوە و پێشانگای پیشەسازییە دەستییەکانیش لەوێدا کراوەتەوە تا ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت دیارییەک بۆ خێزان و کەسوکاری خۆیان ببەنەوە پێویست بەوە نەکات سەردانی شوێنێکی دیکە بکەن.
درێژایی ئەم باخە 407 مەترە و پانتاییەکەشی 122 مەترە و بە گشتی زیاتر لە 5 هێکتار ڕوبەڕی هەیە و دەروازە، بینا، حەمام، تۆڕی گەیاندن و دابەشکردنی ئاو و حەوزی ئاوی تێدایە کە لە لایەن دار و درەختە بەرزەکانەوە گەمارۆ دراون و وەک نقێمێک لە دڵی ئەو بیابانەدا دەدرەوشێتەوە.
سەرچاوەی ئاوی باخەکە بۆ کارێزێک بە ناوی تیگران دەگەڕێتەوە کە ئەویش لە چیاکانی جۆپار سەرچاوە دەگرێت و بە تێپەڕبوون لەم باخە بەرەو شاری ماهان دەڕوات.
لە کۆتایی باخەکەدا بەشێک بە ناوی کۆشک هەیە کە 487 مەتری چوارگۆشەیە و شوێنێک بۆ پێشوازی و پشوودانی خاوەنی باخەکە بووە، لە ئێستادا ئەم بەشە لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بووەتە ڕێستورانت.
لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەم بینایە، حەمامی تێدایە، هەروەها لە سەرەوەی حەمامەکە بەشێک بۆ شوێنی پاسەوانەکان کراوەتەوە کە لەو کاتەدا زەعیم باشی پێ وتراوە.
شازادە ماهان کێیە کە ئەم باخەیان بە ناوی ئەو کردووەتەوە؟
ئەو شازادەیە هەمان عەبدولحەمید میرزا ناسر دەوڵەیە کە لە نەوەکانی ناسرەدین شای قاجاڕ و دەسەڵاتداری ئەو کاتەی کرمان بووە./.