بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێس ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە حکومەتی عێراق داوای دەستپێکردنەوەی وتووێژی ستراتیژیی لە ئەمریکا کردووە.
بەم پێیەش، بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاند کە حکومەتی بەغدا داوایەکی فەرمیی داوەتە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا تا بەروارێک بۆ درێژەدان بە وتووێژی ستراتیژی سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاری بکات.
ئەمەش یەکەم گەڕی ئەو وتووێژانە دەبێت لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆبایدن و داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دیاری دەکات.
سێ بەرپرسی حکومەتی بەغدا بەو ئاژانسەیان ڕاگەیاندووە کە عێراق داوایەکی بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان داوەتە حکومەتی واشنتن./.