بزوتنەوەی ئەنسارووڵای یەمەن جەختیکردووەتەوە کە ئەو دەستپێشخەرییە هەڵگری هیچ خاڵێکی نوێ نییە و تەنیا سعوودیە وەک وڵاتێک دەناسێنێت کە خوازیاری ئاشتی بێت و لە شەڕی یەمەنیش دەستی باڵای هەیە و لە ڕووی خێرخوازییەوە ئەم پێشنیارەی خستووەتەڕوو.
بەڵام ڕاستییەکانی شەڕی یەمەن گوزارشت لە سەرکەوتن و دەسکەوتی ئەنسارووڵا دەکات. یەکەم ئەوەی کە ئەنسارووڵا لە مەئرب گوشارەکانی لە سەر سعوودیە چڕ کردووەتەوە و بە ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاری مەئرب، باکوری یەمەن لە بوونی سعوودییەکان و هێزەکانی مەنسور هادی پاک دەکاتەوە. دووەم ئەوەی کە باشوری یەمەن هیچ ڕەزامەندیی لە سەر حکومەتەکەی هادی نییە و لە هەفتەی ڕابردووش لە ئاکامی هێرشی خەڵکی عەدەن بۆ سەر کۆشکی مەعاشیق، سەرۆک وەزیران و وەزیرانی حکومەتەکەی ناوبراو ناچار بە هەڵهاتن بوون. سێهەم ئەوەی کە سعوودیە لە ئێستادا لە شەڕی یەمەن بە تەنیا ماوەتەوە و تەنانەت بن زاید وەک دوایین پاشماوەی هاوپەیمانی هەڵوەشاوەی سعوودیە لە یەمەن بوونی فەرمیی لە گەڵ بن سەلمان نییە و پاساوی سعوودییەکان بۆ پاڵپشتی و هاوکاریکردنی حکومەتەکەی هادی کڕیارێکی ئەوتۆی لە جیهاندا نەماوە.
سعوودیە لە کاتێکدا کە هیچ چارەیەکی بەدەر لە قبووڵکردنی شکستی شەڕی شەش ساڵەی یەمەن نییە، ماوەیەکە هەوڵ دەدات بە هەر شێوازێک خۆی لەم گێژاوە دەرباز بکات، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات لە پێکهێنانی حکومەتێک کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بێت لە تەنیشت سنورەکانی باشوری خۆی ڕێگری بکات. پێشنیاری کەمکردنەوەی گوشارەکان لە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و بەندەری حۆدەیدە لە پێشنیارەکەی ئەمجارەی سعوودیە بۆ ڕاکێشانی ئەنسارووڵای یەمەنە بۆ سەر مێزی دانوستان و لە ڕاستیدا هیچ ئامانجێکی بەدەر لە پێدانی دەرفەتێک بۆ ڕێکخستنەوەی بەرەی هاوپەیمانی سعوودیە نییە بەڵام ئەنسارووڵا لە بنەڕەتدا سعوودیە بە دوژمنێکی دەرەکی دەزانێت کە تەنیا ئەرکەکەی، کشانەوە لە یەمەن و کۆتایی هێنانە بە داگیرکاری ئەم وڵاتە و ڕادەستکردنی پرسی یەمەن بە یەمەنییەکان. سعوودییەکان یان ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن یان ناچار بە جێبەجێکردنی دەکرێن. ئێستا شەڕی یەمەن پێی ناوەتە حەوت ساڵەیی خۆی، ئەو شەڕەی کە بڕیار بوو بن سەلمان لە ماوەی سێ هەفتە و بە سەرکەوتنی ڕیاز بە کۆتاییەکەی بگات./.