بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق و کێشەیەک بە ناوی بوونی هێزەکانی بێگانە، بابەتێک کە هێندە سادە نییە و کاردانەوەی زۆر توندی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەی بە دواوە بووە.
پاش داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکییەکانەوە و پاشان سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکان بە تایبەت داعش، هێزی سەربازی چەندین وڵات (هەندێک لە سەر داوای حکومەتی عێراق و هەندێک لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناتۆ) لە خاکی عێراقدا جێگیر کران.
ئاشکرایە کە هەرچەندە داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان لاواز بن و هێزەکانی عێراق بە تایبەت سوپا و حەشدی شەعبی بەهێز بن، بوونی هێزەکانی بێگانە لەم وڵاتە زیاتر دەبێتە جێی مشتومڕی لایەنەکان.
ئەڵبەت لە پاش تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە لایەن ئەمریکاوە، خەڵک و لایەنە عێراقییەکان بە چڕی داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەیان کردووە و لە پەرلەمانیش یاسایەکی تایبەت پەسەند کرا.
گوشارە سیاسییەکان وەک هەوڵی سەرکردە سیاسییەکان، وتووێژی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن و تێکۆشانی گرووپەکانی خۆڕاگری ئیسلامی بووە هۆی ئەوەی کە لە پاش یەک ساڵ ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە 5 هەزار سەربازەوە بگاتە نیوە.
ئەو گوشارانە بووە هۆی ئەوەی کە ژمارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاش لە عێراق کەم ببێتەوە و لە ئێستادا ئەو هێزانە تەنیا لە سێ بنکەی عەین ئەسەد، هەریر و ڤیکتۆریا جێگیر کراون.
بەڵام بەم دواییە ڕێکخراوی ناتۆ ڕایگەیاندووە کە ژمارەی هێزەکانی لە عێراق زیاتر دەکات، ئەمەش هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.
لە میدیاکاندا هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە حکومەتی بەغدا داوای کردووە کە ژمارەی هێزەکانی ناتۆ 8 هێندە زیاد بکرێت، واتە ئەو 500 سەربازە بکرێتە 4 هەزار سەرباز لە عێراق.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دژبەرانی ئەم پلانەش دەڵێن بە پێی یاساکەی پەرلەمان دەبێت هێزەکانی بێگانە لە خاکی عێراقدا بکشێنەوە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان هێزەکانی بێگانە و هێزەکانی ناتۆ نییە.
وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەرویژ لەو وڵاتانەن کە لە ساڵانی ڕابردوو و لە چوارچێوەی ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاتوونەتە عێراق و بانگەشەی هاوکاریکردنی ئەم وڵاتە و بەرەنگاربونەوەی داعش دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەوترێت عێراق تێچووی مەشق و ڕاهێنانی ئەو هێزانە بە هێزەکانی خۆی دەدات.
لە ساڵانی ڕابردوو هێزەکانی ناتۆ لە ڕووی مەشق و ڕاهێنان و لۆجستییەوە پاڵپشتییان لە هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە و ئەمەش وایکردووە کە بوونی هێزەکانی ناتۆ چەندان بابەتێکی هەستیار نەبێت بەڵام ئەمریکا بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی لەم ڕێکخراوە سوود وەردەگرێت.
پلانی ناتۆ زیاترکردنی هێزەکانە لە دەرەوەی بەغدا و ڕەنگە لە دوو پارێزگای ئەنبار و نەینەوا بێت کە هاوسنورن لە گەڵ سوریا.
بە دڵنیاییەوە کە ئەم پلانەش سەر ناگرێت، لە بەر ئەوەی کە سەرکردە سیاسییەکانی شێعەی عێراق دژایەتیی دەکەن و لە کۆبوونەوەیەکی ئەوان لە ماڵی سەید عەمار حەکیم، بە تێکڕای دەنگ دژایەتی خۆیان ڕاگەیاند و جەختیان کردەوە کە موڵەتی جێبەجێکردنی نادەن./.