بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی کۆتایی شەشەم ساڵۆگەڕی قەیرانی یەمەن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای حەوتەم ساڵۆگەڕی دەسدرێژی سەربازی سعوودیە و وڵاتانی هاوپەیمان بۆ سەر گەلی بێ تاوانی یەمەن، نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی ئەم تاوانە گەورەیە دەردەبڕێت.
بەیاننامەکە دەڵێت: ئەمڕۆ شەش ساڵ بە سەر تاوان و دەسدرێژی بەردەوامی سعوودیە و هاوپەیمانەکانی لە دژی یەمەن تێپەڕ دەبێت، لە ماوەی شەش ساڵ گەمارۆ و دەسدرێژی سەربازی، 24 ملیۆن کەس لە یەمەن کراونەتە ئامانج و ڕۆژانە دەیان کەس بە هۆی بۆردومان، برسێتی، نەخۆشی، نەبوونی دەرمان و سووتەمەنی لە ناوەندە تەندرووستییەکان گیان لە دەست دەدەن.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ئەوەی کە جێی داخە، ئەوەیە کە ئەم تاوانە تەنانەت لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش ڕانەگیراوە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە بێگومان ئەوەی لە یەمەن دەگوزەرێت، تاوانی شەڕە و پێویست بە بەداواداچوونی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ئەم شەڕەوە جەختیکردووەتەوە کە قەیرانی یەمەن ڕێگاچارەی سەربازیی نییە و تاران لە هەر دەستپێشخەرییەک بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسدرێژییە، ئاگربەستی سەرتاسەری، کۆتایی هێنان بە داگیرکاری، نەهێشتنی گەمارۆی ئابوری و دەستپێکردنی وتووێژی سیاسی و ڕادەستکردنی کاروبار بە خەڵکی یەمەن بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی لە پێناو داڕشتنی داهاتووی سیاسی ئەوان پاڵپشتی دەکات./.