بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە هاتنەسەرکاری محەممەد بن سەلمان وەک جێنشینی سعوودیە، دۆخی ئابوری ئەو وڵاتە تووشی کێشە و گرفتی زۆر بووە، شەڕی یەمەن گرنگترین هۆکاری خاڵیبوونی خەزێنەی سعوودییەکانە و بن سەلمان بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات، 500 ملیار دۆلاری کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیدارەی دوناڵد ترەمپ، بە شێوازێک کە دۆخی یەدەکی دراوی سعوودیە گەیشتووەتە سنوری قەیران. هەروەها بەشداری سعوودیە لە پرۆژەی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی وڵاتانی وەک سوریا، عێراق، لوبنان و ڕوبەڕوبونەوەی ئێران لە ناوچەکە زیانێکی زۆری بە ئابوری ئەو وڵاتە گەیاندووە، قەیرانی کۆرۆناش بووەتە هۆی ئەوەی کە نرخی نەوت تووشی گۆڕانکاری بەرچاو ببێت.
بەدەر لەمەش، تێوەگلانی دەسەڵاتدارانی سعوودیە بە تایبەت محەممەد بن سەلمان لە دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگر جەمال خاشقچی و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا دەسەڵاتدارانی ڕیازی تووشی کێشەیەکی گەورە کردووە.
ئاژانسی ئانای ئێرانی بۆ تاوتوێکردنی دوایین دۆخی سعوودیە لە گەڵ معەن جەربا ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی کەرامەتی سعوودیە وتووێژی کردووە کە وەرگێڕانی بەشێک لەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیەی وەک بڕیاردەری تیرۆری خاشقچی ناساندووە، ئامانجەکانی واشنتن لە پاش بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە چییە؟
پارتی دەسەڵاتداری ئەمریکا دەیەوێت خۆی لە پەیوەندییەکان لە گەڵ بن سەلمان ڕزگار بکات لە بەر ئەوەی کە بن سەلمان هاوپەیمانی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتەیە و لە چەندین پرۆژەی گەورەدا هاوبەشی ناوبراو بووە. دەتوانین بڵێین کە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی تیرۆری خاشقچی بۆ وەرگرتنی باجی زیاترە لە دەسەڵاتدارانی سعوودیە و پاشان بن سەلمانیش بە لاوە دەنرێت. ئەو دۆسیەیە دەسەڵاتی بن سەلمان کەم دەکاتەوە و پەراوێزیشی دەخات لە بەر ئەوەی کە بووەتە کێشەیەک بۆ دیمۆکراتەکانی ئەمریکا.
دەبێت ئەوەش بزانین کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لە سەر بنەمایەکی دیاریکراو نییە و پشت بە بەرژەوەندییەکان دەبەستێت، هاوکات گوشارەکانی ڕای گشتی سەبارەت بە دۆسیەی مافی مرۆڤ لە سعوودیە و پاڵپشتییەکانی ئەمریکا، زیانی بە پێگەی ئەمریکا لە جیهان و تەنانەت لای هاوپەیمانەکانی گەیاندووە، هەر بۆیە دوور نییە کە واشنتن پرۆژەی لادانی بن سەلمان جێبەجێ بکات و پاڵپشتی لە کەسێکی دیکە لە بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعوودیە بکات.
هۆکاری بێدەنگی شای سعوودیە لە بەرامبەر ڕاپۆرتەکەی سی ئای ئەی لە دژی بن سەلمان چییە؟
بە گشتی شای سعوودیە ئیرادەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات نییە و جێنشین ئیش و کارەکانی دەکات کە خۆی تۆمەتباری سەرەکی دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنووسەکەیە. سعوودیە سەرقاڵی یاری شازادەکانە و مەجالێکی بۆ پرسە دەرەکییەکان نییە، بە بۆچوونی من تەنیا ڕێگای دەربازبوون لەم دۆخەش دوورخستنەوەی بن سەلمانە لە گۆڕەپانی سیاسی سعوودیە.
بەم دۆخەوە تا کەی سعوودیە لە تاوانەکانی وەک تیرۆری خاشقچی و سەرکوتکردنی نەیارانی ناوخۆیی و دەرەکی بەردەوام دەبێت؟
پێم وایە کە دەسەڵاتدارانی سعوودیە لە ئێستادا هێزی دووبارەکردنەوەی تاوانی وەهایان نییە لە بەر ئەوەی کە لە بەردەم شەپۆلێکی ناڕەزایەتی ناوخۆیی و دەرەکیدان، تەنیا ئەگەری ئەوە هەیە کە سعوودیە بە بێ گرنگیدان بە یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکان پەنا بۆ هەنگاوێک ببات کە ئاکام و ئەنجامەکەشی بۆی گرنگ نەبێت.
چ هۆکارێک زیاتر لە لاوازبوونی دەسەڵاتی پاشایەتی سعوودیە ڕۆڵی دەبێت؟
هۆکارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی پێگەی دەسەڵاتی سعوودیەیان لاواز کردووە. لە بواری کۆمەڵایەتی لە ئێستادا سعوودیە تووشی کێشەیەکی زۆر بووەتەوە و خەڵک لە دەسەڵاتەکەی شا سەلمان و کوڕەکەی ناڕازین. ژمارەیەکی زۆر لە شازادەکانیش لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە دەسەڵاتی شا سەلمان دوور کەوتوونەتەوە یان لێی کشاونەتەوە و لە دژی ئەو دەسەڵاتە چالاکی سیاسی دەکەن./.