بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پێناو هەوڵەکانی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ئەورووپی سەردانی برۆکسێل دەکات.
بلینکەن بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە ڕێکخراوی ناتۆ دەکات و لە گەڵ ئەمینداری گشتی ئەو ڕێکخراوە و هەروەها هاوپەیمانەکانی ئەمریکا سەبارەت بە چەند تەوەرێکی گرنگ کۆدەبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەنتۆنی بلینکەن لەو سەردانەدا سەبارەت بە نیگەرانییەکانی واشنتن لە سەر چین و ڕووسیا، ڕۆڵی ناتۆ لە ئەفغانستان، هێرشە ئەلکترۆنییەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، ئاسایشی وزە و چەند کێشەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی دانوستان دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها بڕیارە لە گەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کۆببێتەوە.
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ناتۆ لە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ لە سەر چەند دۆسیەیەکی وەک بودجەی ناتۆ، ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران و … تووشی ناکۆکی و ساردبوونەوە بوو./.